زانکۆی سلێمانی: پابەندی بڕیارەکەی وەزارەتین بەڵام ئەگەر سیستمی غاز ڕابگرین کێشە بۆ شەش هەزار خوێندکار دروستدەبێت

زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە سیستمی غازی شل چەند بڕیاڕیکی دا بەڵام بە ڕوونی لە بڕیارەکاندا باس لە ڕاگرتنی کارکردن بە سیستمەکە نەکراوە، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دەستبەجێ ڕاگرتنی کارکردن بەو سیستمەت راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا زانکۆی سلێمانی بڕیارەکانی سەبارەت بەو پرسە ئاشکراکردووە، بەپێی راگەیەندراوەکە 27 تانکیی غازی شل لە بەشەناوخۆییەکانی کامپی نوێ، ناوشار و عەواڵ هەن و بڕیارەکان سەرجەمیان دەگرێتەوە.

لەبارەی ئەوەی لە بڕیارەکاندا بەڕوونی باس لە راگرتنی سیستمی غازی شل نەکراوە دکتۆر، پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بڕیارەکانی ئێمە پاڵپشتی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، بە دروستکردنی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سەرجەم سیستمەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان”.

بەپێی وتەی دکتۆر پێشڕەو حەمەجان، ناتوانن راستەوخۆ و بەبێ بەدواداچوون سیستمەکان رابگرن چونکە کێشەی گەورە بۆ خوێندکاران دروستدەکات، “بڕیارێکی لەو جۆرە پێویستی بە دیراسەکردن هەیە ناتوانین شەش هەزار خوێندکار بێ غاز بکەین، ئەوان پێویستییان بە چێشت و خواردن دروستکردنە، ئەگەر سیستمەکە ڕابگرین کێشە بۆ شەش هەزار خوێندکار دروستدەبێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، “ئەگەر وابکەین ناڕەزایی دروستدەبێت و خوێندکاران هەر ئەم ئێوارەیە دێنە سەر جادە و خۆپیشاندان دروستدەکەن، ئێمە بەدواداچوونمان کردووە کە ئەگەر بوتڵی غازی ئامادەمان هەبێت سیستمەکە ڕابگرین بەڵام ئەو بوتڵانە ئامادە نین و چەند رۆژێکی پێویستە تاوەکو بتوانین چارەسەری بکەین”.

جەختیکردەوە، کە وەکو زانکۆی سلێمانی کاریان بە هەمان ئەو بڕیارانەی وەزارەت کردووە لە پێکهێنانی لیژنە و بەدواداچوون بۆ سیستمەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، وەزارەتیش هەمان بڕیاریداوە.

دەقی راگەیەنراوەکەی زانکۆی سلێمانی:

ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢)، پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و د.پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، لەسەر رۆشنایی نووسراوی ژمارە (٢١٢٠٥ )ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ و لێپرسراوی هۆبەی هونەری بەشەناوخۆییەکان و  بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ و لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە.

د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، بە سایتی زانکۆی راگەیاند: کۆبوونەوەکە بۆ بڕیاردان بوو سەبارەت بە سیستمی غازی شل (LPJ)ی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی، کە ٢٧ تەنکی غازی شلمان هەیە لە بەشەناوخۆییەکانی کەمپی نوێ و ناوشار و عەواڵ، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی پێویست دران، لەپێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی خوێندکارانی ئازیزمان لە بەشەناوخۆییەکان، کە ئەمانەی خوارەوەن:

١- دروستکردنی سێ لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و کۆمپانیای جێبەجێکار، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان.

٢ـ دروستکردنی سێ لیژنەی هونەری بۆ جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕۆژانەی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان.

٣ـ کردنەوەی خولی راهێنان بۆ لیژنە هونەرییەکانی زانکۆ لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان.

٤- بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ خولی پێدانی زانیاری لەسەر پێدانی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان بۆ خوێندکاران دەکاتەوە،  بۆ چۆنیەتی ئامادەکردن و گەرمکردنەوەی خواردنەکانیان.

٥- پێکهێنانی لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان، بۆ ئەوەی لەکاتی  دروستبوونی هەر کێشە و کەموکوڕییەک، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی هونەری زانکۆ ئاگادار دەکرێنەوە،  کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمەکە.

٦ـ زیاتکردنی گرەنتیکردنی (زەمان)ی پاراستن و چێککردنی سەرجەم تانکی غازەکان و سیستمەکەی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار.

د.پێشڕەو حەمەجان، ئاماژەی بەوەشدا  “ئیدارەی گشتی یەکێتی کە پێشتر رۆڵی هەبووە لە رووی داراییەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کە سیستمەکەی داناوە، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیان  لیژنەیەکیان ناردووە، کە ئەم لیژنەیە لە رێگەی کۆمپانیاکەوە بەشداری کۆبوونەوەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی بەشداربن لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەپێناوی سەلامەتی گیانی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆمان”.

بابەتی پێشتر

پێنج هەزار كارگە دەخرێنەكار

بابەتی دواتر

بە بەهای ملیۆنان دۆلار ئاڵتوون دزرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share