ئەندامێكی ئەو شاندە پەرلەمانییەی ماوەی دووڕۆژە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمن ڕایدەگەیەنێت، لەو سەردانانەی بەمەیدانی ئەنجامیانداوە بۆیان دەركەوتووە، توركیا پەكەكەی كردووەتە بیانوو بۆ داگیركردنی خاكی هەرێم و دامەزراندنی بارەگاكانیشیان دەرخەری ئەوەیە نیازی كشانەوەیان نیە.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانى پەرلەمانی كوردستان، كە ئەندامی ئەو لیژنە هاوبەشەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانە و ماوەی دوو ڕۆژە لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمن، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ” ئاڵۆزییەكی زۆر لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا لەم دواییە دروستبووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی توركیا پەكەكە بكاتە بیانو بۆ داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان”.
“پەكەكە تەنها بەهانەیەكە توركیا بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان بەكاریدەهێنێت”
وتیشی، “ئەم بەهانەی توركیا زۆر لاوازە، پارتی كرێكاری كوردستان تەنها بەهانەیە، چونكە بوونیان لەو ناوچانە وەكو مەفرەزەی پارتیزانییە”.
ئەو پێشیوایە، پەكەكە لەكاتێكدا بەمشێوەیەی لەهەرێم هەیە، لە توركیاش بەهەمان شێوە هەن، بەڵام بۆچی توركیا لە نێوخۆی وڵاتەكەی ئەو شەڕە ناكات و لەخاكی هەرێمدا دەیكات دەرخەری ئەوەیە، توركیا دەیەوێت خاكی هەرێم داگیربكات و دەیەوێت ئەو كیانەی ئێستای هەرێم لاواز بكات یان لەناوی بەرێت.
“توركیا زیاتر لە 70 بارەگای لەهەرێم هەیە”
باڵانبۆ محەمەد ئاشكراشیدەكات، “توركیا لە خاكی هەرێم زیاتر لە 70 بارەگای هەیە، ئەو شوێنانەشی بارەگایان لێداناوە ناهێڵن هاوڵاتیان هاتوچۆی تێدابكەن و وەكو ناوچەیەكی خۆیانیان لێكردووە، مانەوەشیان لەو ناوچانە بۆ ئەوەنیە شوێنەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە لەو ناوچانە ئەگەر بیانوەكەیان پەكەكەیە بۆچی ڕادەستی هێزی پاسەوانی سنوری ناكەن”.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا لەسەردانەكەیان چییان بەدیكردووە، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان دەڵێت، “توركیا هێرشیكردووتە سەر سروشتی كوردستان و جگە لە بڕینەوەی دار لە دارستانەكانی هەرێم پوش و پاوانێكی زۆریشیان سوتاندووە”.