دۆمێنیک ڕاب: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆمان لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕین کرد

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، باسیان لە ئازادیی ڕادەربڕین کردووە و جەختیان لە بوونی میدیایی ئازاد کردووەتەوە، خۆشحاڵیش بوو بە كاری پێكەوەیی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە ژووە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا.

ئەمڕۆ دۆمێنیک ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەسەردانێك گەیشتە هەرێمی كوردستان، یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان كرد.

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پرسی پەیوەندییەکانی هەردوولا، کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێكردووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەکانی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و وتی، “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بۆ چیاکان و 30 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لەهەموو قۆناغەکاندا بەردەوامبووە”.

نێچیرڤان بارزانی باسیلەوەکرد، کۆرۆنا زیانی بە هەموو جیهان گەیاندووە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، هەستانەوەی هەموو جیهان و عێراق و هەرێمی کوردستانیش پێویستیی بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەموولایەکە.

هیواشیخواست لە بوارەکانی پەروەردە، کارکردن و بازرگانیدا هاوکاری و پاڵپشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنانەت باسی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش كرد، وتی، هەرێمی کوردستان ئێستا سەرەتاکانی ئەو زیانانەی تێدا دەردەکەوێت، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ڕوودەدەن و پابەندیی هەرێمیشی بە بنەما نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای تێدا دەرکەوتووە، سەرۆكی هەرێم بەڕوونی وتی، “وشکەساڵی خەریکە دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی لە هەرێمی کوردستان”.

لای خۆیەوە دۆمێنیک ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی پەیوەندیدارە بە درێژەپێدانی ئەو پەیوەندییە درێژخایەنەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە، وتی، “سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەکەین، کە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە شەڕی داعشدا و قوربانییانداوە”.

وەزیرە بەریتانییەكە نەیشاردەوە، كە خۆشحاڵن ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان پێکەوە کاردەکەن، مەبەستی ژووە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا بوو.

لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە میدیای ئازاد و ئازادیی ڕادەربڕین و پاراستنی ئازادیی میدیا لە هەرێمی كوردستان کردووە.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت چووە سەروو 72.50 دۆلار

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم پەرەپێدانی کەرتی تایبەتیان تاوتوێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەریلا 22 سەربازی توركیای كوشت

هەپەگە بڵاویكردووەتەوە لە چەند چالاكییەكدا 22 سەربازی سوپای توركیا كوژران. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی…
Total
0
Share