چۆن کوشتنی دیلەکانی لای پەکەکە نێوان ئەمریکا و تورکیای تێکدا؟

ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا وەک دوو ئەندامی ناتۆ جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی 13 دیل کە پێشتر لای پارتی کرێکارانی کوردستان بوون.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی دیلەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی ڕوداوەکەی کرد و هاوخەمی بۆ تورکیا دەربڕی، بەڵام لە بڕگەیەکدا وتی، “ئەگەر ڕونبێتەوە بە دەستی پەکەکە کوژراون”، ئەمەش نیگەرانی توندی تورکیای بەدوادا هات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاردانەوەی کوشتنی دیلەکاندا جارێکی دیکە ئەمریکای بەوە تۆمەتبارکرد کە ساردە لە هەڵوێستوەرگرتن لە دژی پەکەکە و گومان دەخاتە پاڵ ئەو ڕاگەیەندراوانەی سوپای تورکیا و دەزگای هەواڵگیری ئەو وڵاتە دەیڵێن.

ئەردۆغان بە ئەمریکای وت، “ئێوە وتان کە هاوکاری گروپە تیرۆرستییەکان ناکەن، کەچی دەیبینین لە تەنیشتیانەوە وەستاون و چەکیان پێدەدەن”.

قسەکانی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوون کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، مەولود چاوشئۆغڵۆ و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات گفتوگۆیەکی تەلەفونیان ئەنجامدا و بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو گفتوگۆیە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەکەکەی بە “تیرۆرست” ناوهێناوە و کوشتنی دیلەکانی خستووەتە پاڵ ئەوان.

توڕەیی ڕاگەیاندنەکانی تورکیا

دوای بەیاننامەی یەکەمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندنەکانی تورکیا بەتایبەت نزیک لە دەسەڵات نەیانتوانی توڕەبوونی خۆیان لە دژی ئەمریکا بشارنەوە و هێرشەکانیان دەستپێکردەوە.

ڕۆژنامەی حوڕیەتی نزیک لە حکومەتی تورکیا نوسیویەتی، “ئەمریکا تا ئێستاش بە پڕچەککردنی پەکەکە و یەپەگە هەڵدەسێت و لە بەیاننامەکانیشدا پەکەکە بە تیرۆرست ناودەبات”.

لە مانشێتێکی یەنی شەفەقی لایەنگری سەرسەختی حکومەتی تورکیادا هاتووە، “ئەمریکا دەستەکانی بەخوێن سورن” ئەمەش وەک ڕەخنەیەکی توند بەرامبەر بە ئەمریکا کە هاوکاری بۆ یەپەگە و هەسەدە ڕانگرێت و چەک و پێداویستییەکانی ئەوانیش لەلایەن پەکەکەوە بەکار دەهێنرێت.

هاوکات ڕۆژنامەی ئەکشام کە ئەمیش نزیکە لە دەسەڵاتەوە نوسیویەتی، “مانای دۆستایەتی تێگەیشتین” وەک ڕەخنەیەک لە ئەمریکا کە خۆی بە دۆستی تورکیا دەزانێت و نوسیویشیەتی، “ئەردۆغان هۆشداری داوەتە جۆبایدن”.

جگە لە میدیاکانی دەسەڵات ڕۆژنامەی ناسیۆنالیست سوزجو، کە بە میدیای نزیک لە ئۆپۆزسیۆن ناودەبرێت لە مانشێتێکی هاوشێوەی میدیاکانی پشتگیر لە حکومەت نوسیویەتی، “قسەکانی ئێمە بۆ ئەمریکایە، کە تا ئێستاش چاوەڕێی ئەوەیە تەکیدببێتەوە کە پەکەکە دیلەکانی کوشتووە یان نا”.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا ئاڵۆزدەبێت و جگە لە نزیکبوونەوە لە ڕوسیا، هەموو تێکچونەکانی نێوان هەردولا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە هەبووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وه‌زاره‌تى كاره‌با خزمه‌تگوزاریی پسوڵەی کات و بڕی کارەبای بەکارهێنراو ده‌خاته‌كار

وه‌زاره‌تى كاره‌با خزمه‌تگوزارییه‌كى نوێ ده‌خاته‌كار، كه‌ هاوڵاتییان له‌مه‌ودوا ده‌توانن بە ‏سەردانکردنی ماڵپەڕی خزمەتگوزاریی کارەبا و داخڵکردنی ژمارەی ئەژمارەکەیان،…
زیاتر ببینە

وەزیری دارایی هەرێم: لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان گەیشتووینەتە رێككەوتن

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان گەیشتووینەتە رێككەوتن. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم…
زیاتر ببینە

بە ئەشکەنجە دانپێدانانیان پێکراوە‏
زیندانیانی شیلادزێ: یەكلانەكرێینەوە تا مردن لە مانگرتن بەردەوامدەبین

پێنج لە زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شیلادزێن ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی دۆخیان و دانپێدانانەکانیان بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بە دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە…
Total
0
Share