وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەكەی دەركار ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەكەی دەركار بڵاوكردەوە، بانگ له‌ ته‌واوی هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراقی ده‌كات ڕۆڵبگێڕن لە “ڕاگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ و پاراستنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا”.

لەڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەكردووە، “کاتژمێر 7:30 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەناوچەی شەرانش لە ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ، جارێکی تر له‌ درێژەی ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردوو، پێشمەرگەیەک بەناوی (رەزوان محەمەد عەلی) شه‌هیدبوو”.

وەزارەتەكە دەڵێت، “له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، ئه‌وە جاری دووه‌مه‌ ڕووداوی نه‌خوازراوی له‌و شێوه‌یه‌ ڕووده‌دات، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ‌ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه به‌توندی ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، كه‌ دواجار به ‌قازانجی دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان ته‌واوده‌بێت”

وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراق دەكات، بۆ پیشاندانی ڕۆڵی كارا و كاریگه‌ر له‌ ڕاگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ و پاراستنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، ڕۆڵ بگێڕن.

هەر لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “هێزه‌كانی پەکەکەش دەبێت لەوە تێبگەن، بەم کردەوانەیان هیچ ئامانجێک بەدی نایه‌ت و ته‌نها گه‌له‌كه‌مان باجی گەورە ده‌دات، هێزەکانی پێشمەرگە لەئاست بەرپرسیارێتی گەورەی سەرشانی خۆیاندا دەبن، لەپاراستنی شار و گوندەکان و خەڵکی کوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی”.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیشیده‌كاته‌وه‌، پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێم له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانیەتی و ڕێگه‌ نادات هیچ هێز و لایه‌نێك سنووره‌كانی بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

وەزارەتەكە لە كۆتاییدا دەڵێت، به‌ مافی خۆی ده‌زانێت به‌هه‌موو هێزه‌ دیموكراتخواز و وڵاتانی دۆست ڕابگه‌یەنێت، ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ پاراستنی ئاشتی و ئازادی و ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، نه‌ك شه‌ڕێكی نه‌خوازراوی ده‌ستدرێژیكارانه‌.

بابەتی پێشتر

کچێکی گەنج بە دەستی دەستگیرانەکەی سوتێندراوە

بابەتی دواتر

تیمێکی هاوبەشی بەغداد و هەرێم بۆ وردبینیکردنی داهاتەکانی هەرێم پێکدەهێنرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كچێك لە كوشتن ڕزگاركرا

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، لە سلێمانی كچێكی تەمەن 17 ساڵ لەدەست براكەی…
Total
0
Share