سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغداد دەرچوو

خێزانە قوربانییە كوردەكە

تۆمەتبار بە كوشتنی ئەو خێزانە سێ كەسییە كوردەی لە ئەیلولی ڕابردوو لە بەغداد كوژران، لەلایەن دادگای كەرخ-ەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

ڕووداوەكە لە 15ی ئەیلولی 2020 لە گەڕەكی مەنسوڕی بەغداد ڕوویدا و تیایدا هەریەك لە دارا ڕەئوف و عالیەی هاوژینی و دكتۆرە شیلان-ی كچی لەلایەن تۆمەتبارێكەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی بڕێك پارە كوژران.

دادگای كەرخ لە بەغداد ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری لەسەر دۆسیەكە دا و سزای سێ جار لەسێدارەدانی بەسەر تاوانباری ڕووداوەكەدا سەپاند.

محەمەد قادر، كەسی نزیكی قوربانییان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە هێزە ئەمنییەكان لە بەغداد دوای سەرەداوەكان كەوتن و توانییان زانیارییان دەستبكەوێت كە تۆمەتبار بەرەو هەولێر هەڵهاتووە و لەوێ بەر لە تێپەڕبوونی 24 كاتژمێر بەسەر ڕووداوەكەدا دەستگیركرا.

وتیشی، “لەو كاتەوە هاوكارییەكی تەواوەتی هەبوو لەلایەن سەرجەم لایەنەكانەوە، بەتایبەتی دەزگا ئەمنییەكان و بەشێوەیەكی بەرچاو سەرۆكایەتی كۆمار زۆر هاوكاری كردین”.

محەمەد قادر ئەوەشی خستەڕوو، چەند هۆكارێكی لۆجیستی هۆكار بووە بۆ دواكەوتنی بڕیارەكەی دادگا، بەڵام هەرچۆنێك بوو ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی لەلایەن دادگاوە دەرچوو كە بریتی بوو لە “لەسێدارەدان تا مردن”.

ڕونیشكردەوە، هیچ كام لە كەسوكاری تاوانبار ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون، هەروەها هیچ پارێزەرێكیش ئامادەنەبوو بەرگری لێبكات.

تۆمەتبار بەر لە ڕووداوەكە، كە مەبەستی بووە بڕێك پارە بەدەستبهێنێت، پلانی پێشوەختەی داناوە و چاودێری ماڵەكەی كردووە، سەرەتا چووەتە ماڵەكە و داوای پارەی لە سەرۆك خێزانەكە كردووە، دوای ئەوەی زانیویەتی پارەی پێنادات تاوانەكەی ئەنجامداوە بە كوشتنی ژن و مێردەكە، دواتر هەر لە ماڵەكە چاوەڕوانی كردووە تا كچەكەیان گەڕاوەتەوە و دواتر ئەویشی كوشتووە.

ڕێبەر دلێر، یەكێكی دیكە لە كەسوكاری قوربانییان لە بەغداد بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تاوانبار بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی سزاكەی ڕوبەڕوو كرایەوە، كە بریتییە لە كوشتنی بە ئەنقەست.

ڕونیشیكردەوە، سزاكە بریتی بووە لە سێ جار لەسێدارەدان تا مردن.

بڕیارەكە لەماوەی 10 ڕۆژدا ڕەوانەی دادگای تەمیز دەكرێت و دوای یەكلابوونەوەی پێداچوونەوە لەلایەن دادگاكەوە، لەماوەیەكی دواتردا سزاكە جێبەجێ دەكرێت، وەك ئەوەی ڕێبەر ئاماژەی پێدا.

بابەتی پێشتر

سەردانی شاندە هاوبەشەكەی هەرێم و عێراق بۆ ناوچە سنوورییەکان دواخرا بۆ سبەی

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لەهەرێم.. ژمارەی چاكبونەوە لە توشبووان زیاترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share