ئەگەری گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەكان، نرخی نەوتی نزمكردەوە

نرخی نەوت، دوای تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، كەمێك دابەزینی تۆماركرد، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ چاوەڕوانیی وەبەرهێنەران لە ئەنجامی گفتۆگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ئەگەری گەڕانەوەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕی جیهانی.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ناجێگیریی بەخۆوە بینیوە بەهۆی دڵەڕاوکێکان لە گەڕانەوەی بەرمیلە نەوتەکانی ئێران بۆ بازاڕی وزەی جیهانی، لەگەڵ ئەوەی شارەزایانی بازاڕی نەوت پێشبینی ناکەن تا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێران هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بکرێت.

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ئەمڕۆ دووشەممە 26 سەنت، کەدەکاتە ڕێژەی %0.4 دابەزی، گەیشتە 71.63 دۆلار، دوای ئەوەی پێشتر نرخەکەی گەیشتبووە 72.27 دۆلار، کە ئەوە بەرزترین ئاستە لە دوای ئایاری 2019وە تۆماری کردووە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسیش دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لەدوای مانگی تەموزی 2018وە گەیشتە 70 دۆلار، جارێکی دیکە نرخەکەی بەبڕی 19 سەنت و ڕێژەی %0.3 دابەزی و بووبە 69.43 دۆلار.

ئەفتار ساندۆ بەڕێوەبەری یەکەم لە کۆمپانیای فیلیپس بۆ وزە لە سەنگاپور دەڵێت، دابەزینی نرخی نەوت پەیوەندیدارە بە چاوەڕوانییەکان و بوونی بەرچاوڕوونی لە ئەنجامی گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بە هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕی وزەی جیهان، یان مانەوەی ئەو سزایانە.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوت بەردەوامبووە لە بەرزبوونەوە، بەهۆی زیادبوونی خواستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر وزە، ئەمەش بەهۆی بەتەواوی كەمكردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا.

بابەتی پێشتر

بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە ئاگر لە دوو گوندی ناحیەی کانی ماسێ کەوتەوە

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەوە لە پاکستان 30 کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share