هەپەگە داوای لیژنەیەكی سەربەخۆ دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكەی مەتین

هەپەگە دووبارە ڕەتیدەكاتەوە ئۆتۆمبیلەكەی چیای مەتینیان كردبێتە ئامانج، داوا دەكەن شاندێكی هاوبەش یان، سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بكات.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێكدا، لەبارەی گرژییەكانی دوێنێ ئاماژەی بەوەكردووە، “دوێنێ لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیدا هێزە سەربازییەکانی پارتی، بەبێ هیچ زانیارییەک و بەشێوازی ئۆپەراسیۆن، ویستیان بچنە ناوچەی گەریلا لە مەتین، ئەوەش هەڵەیە و خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی ناکات”.

هەپەگە دەڵێت، “ڕاستە هێزەکانمان لەوێ چەند فیشەکێکیان بۆ ئاگادارکردنەوە تەقاند، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەو چەکەی بووە هۆی تێکشکاندنی ئەو ئۆتۆمبێلە، لەلایەن هێزەکانمانەوە بەکارنەهاتووە”.

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، “ئەو ئۆتۆمبێله له ڕێگای هەوا و مووشەکەوە لێیدرا، بۆیە بۆ پرسی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە، وەکو هەپەگە ڕایدەگەیەنین، پێویستە شاندێکی هاوبەش، یان شاندێکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن و ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەن”.

دوێنێ، بەهۆی تێكشكاندنی ئۆتۆمبیلێكی هێزێكی زێرەڤانی لە چیای مەتین، پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، سەرەتای میدیاكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایانگەیاند، ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن توركیاوە كراوەتە ئامانج، بەڵام دواتر پەكەكەیان بە ڕووداوەكە تۆمەتبار كرد، دواتریش سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیان لەبارەی ڕووداوەكە بڵاوكردەوە و هێرشەكەیان خستە ئەستۆی پەكەكە.

بەڵام هەر دوێنێ زاگرۆس هیوا وتەبێژی كەجەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، ئەو شوێنانەی هێزەكانی زێرەڤانی چوبوون بۆكۆنترۆڵكردنی، نزیكەی 30 ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی گەریلایە، ویستیان لەدوو قۆڵەوە بەدەیان ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ بچن بۆ گرتنی، گەریلاش بەرەو ئاسمان تەقەی لەو هێزە كردووە، وەكو هۆشدارییەك”.

وتیشی، ”ڕووداوەكە دیارنییە چۆن ڕوویداوە، چونكە پارتی لەسەرەتادا توركیای پێ تۆمەتباركرد و وابڵاویكردەوە بە بۆردومانی فڕۆكە ڕوویداوە، بەڵام دواتر میدیاكانی پارتی پەكەكەیان پێ تۆمەتباركرد و بابەتەكەیان گۆڕی، گەریلاكانی ئەو ناوچەیەش دەڵێن، نازانین ئەو ڕووداوە چۆن ڕوویداوە”.

وتەبێژەكەی كەجەكە ڕەتیكردەوە گەریلا هێرشیكردبێتە سەر ئەو هێزەی زێرەڤانی و دەڵێت، “ڕاستە لەو ناوچەیە مینی لێیە، بەڵام هێرشەكە هی مین نییە و لێكۆڵینەوەی پێویستە و توركیای لەپشتە”.

جەختی لەوەشكردەوە، ” توركیا ویستی خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت، پارتیش بووەتە بەشێك لەو سیاسەتە و ویستی لە پشتەوە خەنجەر لە پەكەكە بدات، بەڵام گەریلا هۆشیاربوو نەیهێشت ئەوە ڕووبدات، بۆیە توركیا خۆی ئەو خوێنەی ڕشت”

دەربارەی ئەو ناوچەیەش، زاگرۆس هیوا دەڵێت، “ئەو شوێنەی پارتی پێشڕەویی تێدا كردووە، نزیكەی 30 ساڵە بەدەستی گەریلاوەیە و زێرەڤانی بەبڕیاری توركیا ویستویەتی پێشڕەویی بۆ بكات”.

پێشیوایە، “بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە پێویستە ئەو هێزەی زێرەڤانی بكشێتەوە تا شەڕ ڕوونەدات و خۆڕاگرتنی پەكەكەش بەواتای ئەوە نیە، كە بێدەنگ دەبێت”.

وتەبێژی كەجەكە ڕاشیگەیاند، ”ئامانجی پێشڕەوییەكەی پارتی خەنجەرلێدانە لە پشتەوە لەگەریلا، چونكە پەكەكە لەچیای مەتین بەرامبەر داگیركاریی توركیا شەڕدەكات، پارتیش لەپشتەوە هاتووە خەنجەری لێبدات”.

بابەتی پێشتر

ئەردۆغان كوژرانی بەرپرسی كامپی مەخموری ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

دوو پەنابەری کورد لە یۆنان گیانیان لە دەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاوشێوەی بەشێك لە وڵاتان بە تاقیكردنەوە دەبێت
سیستمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەگۆڕدرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێندرێتەوە و دەشڵێت، کاردەکات بۆ گۆڕینی…
Total
0
Share