بڕیارە سبەی وەزیری ناوخۆ بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەبارەی بڕیاری ڕێکخستنەوەی یەکەی پاسەوانی گفتوگۆبكەن، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانیش دەڵێت، نزیکەی 70 هەزار پاسەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و پێویستیان بەڕێكخستنەوە هەیە.
شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەسەر بانگهێشتی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارەسبەی وەزیری ناوخۆ و ستافی وەزارەتەكە بێنە پەرلەمان”.
ئاماژەی بەوەشكرد،”كۆبوونەوەكەش لەسەر یەكەی پاسەوانەی و هەڵگرتنی چەك و هەمواری یاسای ژمارە 16ی ساڵی 93 ی چەك، یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و یاسای هاتوچۆ و هەمواری یاسای هاتوچۆیە”.
سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان باسیلەوەشكرد، “لە یاسای چاكسازی هاتووە، دروستكردنی یەكەیەكی پاسەوانی دروستدەكرێت، بۆ كۆكردنەوەی هەموو پاسەوانەكان و ئەوانەی پلە و پۆستیان هەیە و پێویستیان بەپەسەوان نیە، پاسەوانەكانیان دابەشبكرێت بەسەر شوێنەكانی دیكە و لەسەر ئەو بنەمایە یەكەكە دروست دەكرێت”.
ڕونیشیكردەوە، ئەمە بۆ خۆڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكان و یەكەكان و هەموو بەڕێوەبەرایەتییە پاسەوانییەكانە لە چوارچێوەی یەكەیەكی پاسەوانیدا.
نزیکەی 70 هەزار پاسەوان لە هەرێمی کوردستان هەن
شاخەوان ڕەئوف بەگ ڕاشیگەیاند،”لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 70 هەزار پاسەوان بوونیان هەیە و قورساییەکی زۆری لەسەر بودجە دروست کردووە، ئەوەش پێویستی ڕێكخستنەوە هەیە”