سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق “هێرشی پەكەكە بۆسەر پێشمەرگە” و بۆردوومانی كامپی مەخمور لەلایەن توركیاوە ئیدانە دەكات، داوای چوونە دەرەوەی سوپای توركیا دەكات لەخاكی عێراق، ناشیەوێت پەكەكە خاكی وڵاتەكە بۆهێرش بۆسەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربێنێت.
وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، لەبارەی هێرشەكەی سەر پێشمەرگە، بەگرنگی زانیوە ڕووداوی لەو شێوەیە كۆتایی پێبێت، بوونی هێزەكانی پەكەكەی لەخاكی هەرێم بە “نایاسایی” وەسفكردووە، دەڵێت، دەستووری عێراق ڕێگە نادات خاكەكەی بۆ “هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ” بەكاربێت.
وتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی كۆمار قسەشی لەسەر پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق كردووە لەلایەن توركیاوە، داوایكردووە هێزەكانی توركیا لەخاكی هەرێمی كوردستان و موسڵ بكشێنەوە، بەو پێیەی بوونی هێزی توركیا لەو ناوچانە “پێشێلكردنی بنەمای دراوسێیەتیی باش و دژی عورف و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە”.
سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەیاننامەكەیدا بەتایبەت باسی لە هێرشەكەی سەر كامپی مەخموریش كردووە، كە توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامیدا، بە پێشهاتێكی مەترسیدار وەسفیكرد، كە ژیانی هاوڵاتیان و پەنابەران دەخاتە مەترسییەوە و دژی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەكانیشە.