نادال و جۆکۆڤیچ گەیشتنە چارەکی کۆتایی ڕۆلاند گارۆس

ڕافائێل نادالی ئەفسانەی تێنسی سەرزەویی ئیسپانیا و نۆڤاک جۆکۆڤیچی یەکەمی ڕیزبەندیی جیهان، گەیشتنیان بە قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانیەتیی کراوەی فەرەنسا مسۆگەرکرد.

نادالی ئەفسانەی ئیسپانی، کە لە هەوڵدایە ڕیکۆردی ناسناوەکانی لە پاڵەوانێتییە فەرەنسییەکە بۆ 14 ناسناو بەرزبکاتەوە، لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا بەرامبەر کامیرۆن نوری-ی بەریتانیی 45ی ڕیزبەندیی یاریزانە پیشوەرەکان بردنەوەی تۆمارکرد.

یارییەکە بە ئەنجامی (6-3)، (6-3) و (6-3) کۆتاییهات، ماتادۆرەکەی ئیسپانیا بۆ جاری 50 لە مێژوویدا گەیشتە چارەکی کۆتایی ڕۆلاند گارۆس.

سەرکەوتنی نادال لەم ڕوبەڕوبوونەوەیەدا بردنەوەی ژمارە (103)یە لە یاریگا لمینەکانی فەرەنسا، بەرامبەر دوو دۆڕاندن، بەم ڕیکۆردەشەوە توانی ڕۆجێ فێدرەری ئەفسانەی سویسری تێپەڕبکات، کە لە پاڵەوانیەتیی کراوەی ئوسترالیا (102) بردنەوە و لە پاڵەوانیەتیی ویمبڵدن (101) بردنەوەی تۆمارکردووە.

بڕیارە نادال لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر یانیک سینەری 19ی ڕیزبەندیی یاریزانە پیشوەرەکان یاریبکات.

لەلایەکی دیکەوە نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی بۆ ساڵی 12 لەسەریەک سەرکەوتنی بۆ چارەکی کۆتایی ڕۆلاند گارۆس مسۆگەرکرد، دوای ئەوەی بردنەوەی بەرامبەر ڕیکارداس پیرانکیس بە سێ کۆمەڵەی بێوەڵام بەدەستهێنا، (6-1)، (6-4)، (6-1).

بڕیارە لە قۆناغی داهاتوو “نۆلیتۆ” بەرامبەر لۆرینزۆ مۆزیتی تەمەن 19 ساڵ یاریبکات و پێدەچێت سەرکەوتنی بۆ قۆناغی نیوەی کۆتایی تا ڕادەیەک مسۆگەربێت.

لەلایەک نادال هەوڵی چنینەوەی ناسناوی ژمارە 21ی پاڵەوانێتیە گەورەکانی “گراند سلام” دەدات، لەلایەکی دیکە جۆکۆڤیچ هەوڵدەدات بە بردنەوەی ڕۆلاند گارۆس ببێتە تاکە یاریزان لە ماوەی نیو سەدەدا زیاتر لە جارێک چوار ناسناوە گەورەکە بچنێتەوە.

بابەتی پێشتر

تۆتنهام و کۆنتی شکستیانهێنا و تین هاگ هاتووەتە ناو هاوکێشەکەوە

بابەتی دواتر

سەرۆكایەتیی كۆمار داوای چوونە دەرەوەی هێزەكانی توركیا دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share