وتەبێژی كەجەكە لەبارەی گرژییەكانی ئەمڕۆوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دەدوێت

وتەبێژی هێزەكانی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ڕەتیدەكاتەوە هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر چیای مەتین گەریلا ئەنجامیدابێت و داوای لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەكات.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كەجەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ هێزەكانی زێرەڤانی چوبوون بۆكۆنترۆڵكردنی، نزیكەی 30 ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی گەریلایە، ویستیان لەدوو قۆڵەوە بەدەیان ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ بچن بۆ گرتنی، گەریلاش بەرەو ئاسمان تەقەی لەو هێزە كردووە، وەكو هۆشدارییەك”.

وتیشی، ”ڕووداوەكە دیارنییە چۆن ڕوویداوە، چونكە پارتی لەسەرەتادا توركیای پێ تۆمەتباركرد و وابڵاویكردەوە بە بۆردومانی فڕۆكە ڕوویداوە، بەڵام دواتر میدیاكانی پارتی پەكەكەیان پێ تۆمەتباركرد و بابەتەكەیان گۆڕی، گەریلاكانی ئەو ناوچەیەش دەڵێن، نازانین ئەو ڕووداوە چۆن ڕوویداوە”.

وتەبێژەكەی كەجەكە ڕەتیكردەوە گەریلا هێرشیكردبێتە سەر ئەو هێزەی زێرەڤانی و دەڵێت، “ڕاستە لەو ناوچەیە مینی لێیە، بەڵام هێرشەكە هی مین نییە و لێكۆڵینەوەی پێویستە و توركیای لەپشتە”.

جەختی لەوەشكردەوە، ”ئەمڕۆ توركیا ویستی خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت، پارتیش بووەتە بەشێك لەو سیاسەتە و ویستی لە پشتەوە خەنجەر لە پەكەكە بدات، بەڵام گەریلا هۆشیاربوو نەیهێشت ئەوە ڕووبدات، بۆیە توركیا خۆی ئەو خوێنەی ڕشت”.

زێرەڤانی بەپلانی توركیا و سیاسەتی توركیا ئەو پێشڕەوییەیكردووە

دەربارەی ئەو ناوچەیەش، زاگرۆس هیوا دەڵێت، “ئەو شوێنەی پارتی پێشڕەویی تێدا كردووە، نزیكەی 30 ساڵە بەدەستی گەریلاوەیە و زێرەڤانی بەبڕیاری توركیا ویستویەتی پێشڕەویی بۆ بكات”.

پێشیوایە، “بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە پێویستە ئەو هێزەی زێرەڤانی بكشێتەوە تا شەڕ ڕوونەدات و خۆڕاگرتنی پەكەكەش بەواتای ئەوە نیە، كە بێدەنگ دەبێت”.

وتەبێژی كەجەكە ڕاشیگەیاند، ”ئامانجی پێشڕەوییەكەی پارتی خەنجەرلێدانە لە پشتەوە لەگەریلا، چونكە پەكەكە لەچیای مەتین بەرامبەر داگیركاریی توركیا شەڕدەكات، پارتیش لەپشتەوە هاتووە خەنجەری لێبدات”.

داواشیكرد، لایەنی پەیوەندیدار لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بكەن و دەڵێت، هێزەكەی پارتی خۆیان نزیككردووەتەوە لەگەریلا و دۆخەكە مەترسیدارە، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكەش پێویستە ئەو هێزە بكشێنەوە شوێنەكانی خۆیان، كە دوێنێ لێیبوون.

بابەتی پێشتر

کاتی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

وتەبێژی حکومەت: هێرشی پەکەکە بۆسەر پێشمەرگە هێرشە بۆسەر خەڵکی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share