وەزارەتی پێشمەرگە: ڕووداوەكەی چیای مەتینا بەهۆی بۆسەیەكی پەكەكەوە بووە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگە لە چیای مەتینا بەهۆی بۆسەیەكی هێزەكانی پەكەكەوە بووە.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینای قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی (پ ک ک)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید و چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون.

دەشڵێت، “پێشتریش هۆشداریمان دابوو، لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی لەو شێوەیە، دەبێ هەمووان ڕێز لە سنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسیەوە”.

ڕاگەیەنراوەكە لەكاتێكدایە پێشتر زانیاریی جۆراوجۆر لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاوكرانەوە، بەوەی هێرشەكە بەهۆی بۆردومانێكی فڕۆكەكانی توركیاوە یاخود بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراوەوە ڕوویدابێت.

هەر ئەمڕۆ میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، پارتی هێز و كەرەستەیەكی زۆری سەربازی لە ئامێدییەوە ڕەوانەی مەتینا و ناوچەكانی نزیك لە هێزەكانی ئەوان كردووە.

بەپێی میدیاكان كاتژمێر 04:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەكە ڕەوانەكراوە و زرێپۆش، حەفارە، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و هەندێک ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ناوچە شاخاوییەکانیشی لەگەڵ بووە.

لای خۆیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێكدا هۆشداریدا لەو هەنگاوە پارتی و داوایكرد، “لە پشتەوە خەنجەر لە گەریلا نەدات”.

ئاماژەشیداوە، هێزەكە دەیەوێت بچێتە ناوچەكانی ئەوان لە مەتینا، لەكاتێكدا ئەوان بەرگری دژ بە توركیا دەكەن كە دەیەوێت كوردستان داگیربكات.

بابەتی پێشتر

میدیای پەكەكە: پارتی هێز و كەرەستەی سەربازیی ڕەوانەی مەتینا كردووە

بابەتی دواتر

ناسا ئامادەیی نیشاندا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕوسیا بەمەبەستی دۆزینەوەی زیاتر لەسەر هەسارەی زوهرە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنج ژن بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیركران

به‌ تۆمه‌تی‌ دزیكردن له ‌چه‌ند دوكانێكی‌ زه‌ڕه‌نگه‌ر له ‌ناوبازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌، پێنج ژن دەستگیركران. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌…
Total
0
Share