فوئاد حسێن: سوپاسی یۆنان دەكەین كە هاوڵاتییەكی زۆری عێراقی گرتووەتەخۆی

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا یۆنانییەكەی، وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی یۆنانی كرد كە پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیی عێراقی كردووە، باسی لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەش كرد.

پاش كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و یۆنان، لە كۆنگرەیەكی هاوبەشدا فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاگەیاند، “سوپاسی هەڵوێستی یۆنان دەكەین كە بەشێك بووە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ دژی داعش”.

وەزیرە عێراقییەكە ئەوەشی وت، “سوپاسی یۆنان دەكەین كە پیشوازی لە هاوڵاتییەكی زۆری عێراقی كردووە و لەو وڵاتە ماونەتەوە”.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشكرد، “یۆنان بۆ دابینكردنی 50%ی پێداویستییە نەوتییەكانی پشت بە عێراق دەبەستێت ئەمەش وایكردووە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە گرنگ بێت”.

لای خۆیەوە نیكۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا باسی لەو لێكتێگەیشتنەكرد كە لەنێوان هەردوو وڵاتەكە واژووكراوە، كە زیاتر پەیوەستە بە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانیان.

لە بەشێكی وتەكانیدا وەزیرە یۆنانییەكە ئاماژەی بەوەكرد، توركیا هۆكاری ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەیە ڕاشیگەیاند، “توركیا ئالۆزی لە قەرەباغ، سوریا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دروست دەكات”.

دەستدرێژییەكانی سوپای توركیای بۆ سەر خاكی عێراق بە شكاندنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پێشێلكردنی ڕێككەوتنی نەتەوەیەكگرتووەكان ناوبرد.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی گرنگترین یارییەکانی ئەمڕۆ، چوارشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

بەریتانیا پشتیوانی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share