لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، ئاسایی بوونەوەی ژیان بە پابەندبوونی ڕێكارەكانی تەندروستی لە قەدەغەی هاتوچۆ گرنگترە و هیچ بڕیارێك بۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە ئارادا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم، بەسەرپەرشتیی وەزیری ناوەخۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم دەستیپێكرد، بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، لیژنەكە ئەمڕۆ چەند پرسێكی تایبەت بە كۆرۆنا تاووتوێدەكەن.
لەبارەی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێم وەزیری تەندروستی ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە هیچ بڕیارێك لە ئارادا نییە، وتیشی، “ئاسایی بوونەوەی ژیان بە پابەندبوونی ڕێكارەكانی تەندروستی لە قەدەغەی هاتوچۆ گرنگترە”.
كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا هاوكاتی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوونە بەو ڤایرۆسە لە هەرێمی كوردستان، دوێنێ سێشەممە 13ی تشرینی یەكەم تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، “900 حاڵەتی نوێی كۆرۆنایان تۆماركردووە”.