ڕێکخراوێکی هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان لە ڕوسیا هەوڵی گەڕاندنەوەی حەبیب نور محەمەدۆڤی ئەفسانەی (UFC) دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ڕوسییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، ڕێکخراوی پاڵەوانیەتیی ڕەهای ئاخمات (ACA) لەگەڵ “خەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ” هاتوونەتە سەرهێڵ و دەیانەوێت بە بۆندێکی خەیاڵیی بیگەرێننەوە نێو حەلەبەکانی شەڕکردن.
خابیب لە 24ی تشرینی یەکەمی 2020 کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی لەنێو حەلەبەکانی (UFC) بەرامبەر جەستن گایزجی ئەنجامدا و بردنەوەی تۆمارکرد، پاشان ڕاستەوخۆ وازهێنانی لە بواری هونەرە جەنگییەکان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ مردنی باوکی گەڕاندەوە.
جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی (ACA)، ئاسڵان پادایێڤ بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئۆفەرێکیان بەبڕی 440 ملیۆن ڕۆبڵی ڕوسی (شەش ملیۆن دۆلار) پێشکەشی خابیب کردووە، تەنها لە پێناو گەڕانەوەی و ئەنجامدانی یارییەکی کراوە بەرامبەر یەکێک لە پاڵەوانەکانی ڕوسیا لە حەلەبەیەکی تایبەتی ڕیکخراوی (ACA)، بەڵام جەنگاوەرەکە، کە پاڵەوانی کێشی سووکە لەسەر ئاستی جیهان، تاوەکو ئێستا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەداوەتەوە.
ڕێکخراوی (ACA) دامەزراوەیەکی ڕوسییە بۆ هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان، کیک بۆکسینگ و جیتسوی بەرازیلی، لەسەر ئاستی ئەوروپا پاڵەوانێتییەکان ڕێکدەخات، بارەگای سەرەکی دەکەوێتە گرۆزنی پایتەختی چیچان.