بۆندێکی سەیر.. ڕۆبینیۆ بە 250 یورۆ پەیوەندی بە سانتۆسەوە کرد

 

ئەستێرەی دێرینی بەرازیل و یانەی ڕیاڵ مەدرید، ڕۆبینیۆ بە موچەیەکی کەم پەیوەندی بە یانەی سانتۆسی بەرازیلییەوە کرد.

لەم وەرزەدا بەهۆی کۆتاییهاتنی بۆندەکەی لەگەڵ یانەی ئیستانبوڵ باشاکشەهیری تورکی، ڕۆبینیۆی بەرازیلی بە گرێبەستێکی بێبەرانبەر پەیوەندی بە یانەی سانتۆسی بەرازیلییەوە کرد.

ئەستێرە ناودارەکەی بەرازیلی سەرەتاکانی لە یانەی سانتۆس بووە، ساڵی 2005 پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە کرد، دواتر ڕوویکردە مانچستەر سیتی و پاشان میلان و گوانزوی چینی، پاشان گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی و پەیوەندی بە یانەی ئەتلەتیکۆ مینیرۆە کرد، لە کۆتا هەنگاوەکانی ژیانی وەرزشییدا ڕوویکردە وڵاتی تورکیا و بۆ یانەکانی سیڤاسپۆر و ئیستانبوڵ باشاکشەهیر یاریکرد.

ڕۆبینیۆی تەمەن 36 ساڵ چەند جارێکیش لە یانەکانی ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە بۆ سانتۆس، لە ساڵی 2010 بەشێوەی خواستن لە یانەی مانچستەر سیتیەوە گەڕایەوە، لە ساڵی 2014 بەهەمان شێوە بە شێوەی خواستن لە میلانەوە گەڕایەوە، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەی هەمیشەیی پەیوەندی بە یانە بەرازیلییە ناودارەکەوە کردووەتەوە.

ڕۆبینیۆ دەڵێت، ” سانتۆس هەمیشە ماڵی من بووە، ئامانجم یاریدەدانی یانەکەیە لەدەرەوە و ناوەوەی بەرازیل، دەمەوێت یانەکە بگەڕێنمەوە لوتکە، هەستێکی ناوازەیە دەگەڕێمەوە ماڵی منداڵیم”.

سەیر لە جموجۆڵی یاریزانەکەدا نییە، بەڵکو سەیروسەمەرە ئەو بۆندەکەیە کە واژوویکردووە و بەهۆیەوە پێنج مانگ لە سانتۆس یاریدەکات، لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا موچەی مانگانە بەبڕی (1500 ڕیاڵی بەرازیلی) بەدەستدەهێنێت کە نزیکی 250 یورۆیە، هەروەها دەکرێت لە حاڵەتی بەشداریکردنی بەردەوام و تۆمارکردنی گۆڵدا بۆندەکەی بۆ حەوت مانگی دیکە نوێبکاتەوە.

بابەتی پێشتر

مۆدریچ: نابم بە بارگرانی لەسەر ڕیاڵ مەدرید و لەم حاڵەتەدا دەڕۆم

بابەتی دواتر

نادال نازناوی ڕۆلاند گارۆسی بەدەستهێنا و ڕیکۆردەکەی فێدرەری هاوتاکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share