وادەی گەیشتنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمانی كوردستان ئاشكرادەكرێت

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، بڕیارە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بكات و ڕەوانەی پەرلەمانی بكات.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بڕیار وایە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت و بنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان”.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە پرۆژەیاساكەدا جێگیر دەكرێت، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەكردەوە، “تائێستا دیار نیە، ئێمەش چاوەڕوانی پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دەكەین لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، تا بنێردرێتە پەرلەمان و ئەوكات دەردەكەوێت”.

لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان بودجەی ساڵانەی نەبووە، بیانووی سەرەكیی نەبوونی یاسای بودجە بریتی بوون لە شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە.

بڕیاربوو مانگی ئازاری ئەمساڵ حكومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بكات

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پێشتربە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، “ئەگەر حكومەت بەپێی یاساكاربكات، گەڵاڵەكردنی بودجە كارێكی قورس نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم شەفافییەت لەداهاتەكانیدا نیە، لە نەوت و گومرگ و باج، ئەوانە لەمپەڕی سەرەكیی داواكەوتنی یاساكەن”.

وتیشی، “وەزارەتەكان بە پێی یاسا و بنەما ئسوڵییەكان كاری خۆیان ڕێكناخەن، بە تایبەت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، كە ئەوەش لەمپەری بەردەم ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەیە تا پەسەندبكرێت”.

بەوتەی عومەر گوڵپی، “داهاتەكانی ناوخۆ یەكێكی دیكەن لە كێشەكان، كە تا ئێستا هەردوو هێزی دەسەڵات ڕێكنەكەوتوون داهاتەكان بگەڕێننەوە خەزێنەی گشتی، تا لە پرۆژەیاسای بودجە بەگەڕبخرێنەوە”.

دەربارەی ئەوەی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا هۆكار نیە بۆ پەسەند نەكردنی بودجە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێی وایە، ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا هیچ لەمپەڕێك نیە لە بەردەم دواكەوتنی پرۆژە یاسای بودجە و پەكی ناكەوێت، چونكە حكومەت دەتوانێت لەسەر بنەمای داهاتە ڕاستەقینەكانی هەرێم و خەرجییەكان یاساكە ڕێكبخات.

یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت بۆ نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە، ئەوەیە، كە نازانرێت ڕێككەوتنەكە لەگەڵ بەغدا جێبەجێدەكرێت، یان نا، لە بەرامبەردا پەرلەمانتارەكە ڕوونیدەكاتەوە، “كاتێك ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێكردن، هەر زیادەیەك لە داهاتی هەرێم هەبوو، دەتوانێت پاشكۆیەكی یاسا یان پێشنیاز بەگەڕبخاتەوە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، واتا بە یەك هەموار دەتوانێت ڕێككەوتنەكە زیاد بكات بۆ یاسای بودجە”.

بابەتی پێشتر

لە شەڕێکدا کوڕ و باوکێک بە فیشەک بریندارکران

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم پلان تا ساڵی 2030 دادەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share