نەخۆشخانەی منداڵان: زۆربوونی حاڵەتەکانی سکچوون لە منداڵاندا پەیوەندیی بەگۆڕانی وەرزەوە هەیە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، بەرزبوونەوەی حاڵەتاكانی توشبوونی منداڵان بە سکچوون و ڕشانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هاتنی وەرزی گەرما و کەمیی بەرگریی منداڵ بۆ ئەم وەرزە، چەند ڕێنماییەكیش دەخاتەڕوو بۆ چارەسەری منداڵان لە ماڵەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ڕایگەیاند، ساڵانە لە وەرزی گەرمادا حاڵەتەکانی سکچوون و ڕشانەوە لە منداڵاندا زیاددەکات، ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو ئەو حاڵەتانە لەنەخۆشخانە هەن و ژمارەیەکی زۆر منداڵ داخڵکراون.

سەبارەت بەوەی ئایا منداڵە داخڵكراوەكان هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنایان تێدایە، دکتۆر پشدەر ئاماژەی بۆ بوونی ژمارەیەک حاڵەتی کەم کرد، کە لە منداڵدا دەکرێت کۆرۆنا بەشێوەی سکچوون و ڕشانەوە دەربکەوێت، بۆیە هەر منداڵێک گومانی کۆرۆنای لێبکرێت پشنینی بۆ دەکرێت. دکتۆر پشدەر باسی لە هۆکارەکانی توشبوونی منداڵان بە سکچوون و ڕشانەوە کرد، کە دیارترین هۆکارەکانی زۆربوونی ڤایرۆس و بەکتریایە لەم وەرزەدا، هەروەها خواردنی خراپ و ئاوی پیس هۆکاری دیکەن.

“دەکرێت لەسەرەتاوە لە ماڵەوە چارەسەری سکچوون و ڕشانەوەی منداڵ بکرێت بە پێدانی شلەمەنییەکان، گیراوەی سێو یان ماست و بەکارهێنانی ئەو (موغەزی)یانەی لەماڵەوە دەکرێنە ئاوەوە”، بەپێی وتەی دکتۆر پشدەر عەبدوڵا.

ئەو حاڵەتانەی دەبێت منداڵیان تێدا ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، سکچوون و ڕشانەوەی توند، بوونی خوێن لەگەڵ پیسایی منداڵ، هەروەها تای بەرز. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان داوای لە دەرمانخانەکان کرد بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی دژە سکچوون نەدەن بە منداڵان، چونکە سکچوون جۆری زۆرە و چارەسەریشی زۆرە، بۆیە دەبێت پزیشکی تایبەت چارەسەری بۆ دیاریبکات.

سەبارەت بە بوونی شیری جۆراوجۆر و کوالێتی خراپ لە بازاڕەکاندا، کە پێشتر داوایانکردبوو بەدواداچوونی بۆ بكرێت، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا وتی، “نوسراومان داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، بەڵام لەبەر سەرقاڵیی نەخۆشخانە بەچەند پرۆژەیەک و زۆریی ڕۆتیناتەکان، تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی جددی بۆ بوونی شیری منداڵانی کوالێتی خراپ دەکەین و ئەوەش پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانی هەیە، چونکە ئەکرێت بەرژەوەندیی گەورەی لەپشتەوە بێت، هەوڵدەدەین وابکەین تەنها ئەو شیرانە ڕێگەیان پێبدرێت، کە کوالێتییان باشە”.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی داوادەكات مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان

بابەتی دواتر

دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكەی عێراق.. تا ئێستا هیچ لایەنێك بەفەرمی داوای دواخستنی نەكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share