بڕیاری هێنانەوەی كەسوكاری ئەندامانی داعش بۆ موسڵ ڕاناگیرێت

بڕیارە کاروانی دووەمی خێزان و کەسوکاری داعشەکان لە کامپی هۆل بگەڕێنرێنەوە پارێزگای موسڵ و بەهەمانشێوەی كاروانی یەكەم، لە کامپی جەدعە جێگیربکرێن، بەرپرسێکی کوردیش لە پارێزگاکە ڕەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێک بۆ هێنانەوەی کەسوکاری داعشە کوردەکان بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکەم کاروانی خێزان و کەسوکاری داعشە عێراقییەکان لە کامپی هۆلەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەڕێنرانەوە کامپی جەدعە لە باشووری شاری موسڵ، کە ژمارەیان 100 کەس بوو.

لەبارەی کاتی گەڕاندنەوەی کاروانی دووەم و ژمارەیان، غەیاس سورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “وەکو کاتەکەی بەدروستی دیارینەکراوە کەی دەگەڕێنرێنەوە، بەڵام بڕیارە لەهەر کاروانێکدا 100 کەس بگەڕێنرێنەوە، ئەمەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی تایبەتدا کراوە”.

پێشتر و لە ساڵی 2019 بڕیاربوو لە سنووری شارۆچکەی زوممار، کە یەکێکە لە ناوچە دابڕێنراوەکان، کامپێک بۆ کەسوکاری داعشە عێراقییەکانی کامپی هۆل بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵك و لایەنەکانی ناوچەکە، ئەو پرۆژەیە ڕەتکرایەوە.

بەرپرسەکەی یەکێتی لە پارێزگای موسڵ ئاماژەی بە ڕێککەوتنەكەی گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعشە عێراقییەکان کرد، بەپێی ڕێككەوتنەكە، دەبێت ئەو کامپەی بۆ نیشتەجێبوونیان دەکرێتەوە لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی سنووری مادەی 140 نەبێت.

لەکاتی گەڕاندنەوەی یەکەم کاروانی کەسوکاری داعشەکان بۆ موسڵ، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ناڕەزای دەربڕدرا، چەند لایەنێكیش بەهەمانشێوە دژی ئەو هەنگاوەن و بە مەترسیی دەزانن.

سەبارەت بە ئەگەری کاریگەریی ناڕەزاییەتییەكان لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعشە عێراقییەکان، غەیاس سورچی ئاماژەی بەوەکرد، نەک خەڵکی موسڵ، هەموو خەڵکی سنووری پارێزگاکە ناڕازین، بەڵام ئەوە، بڕیاری عێراق بۆ هێنانەوەیان ناگۆڕێت، چونکە بڕیارەکە لەژێر فشاری نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤدا دراوە، عێراق ناتوانێت پاشگەزببێتەوە.

وتیشی، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان، لە ڕێککەوتنی تایبەت بە گەڕاندنەوەیان، ئەوە هاتووە، كە ئەو خێزانانەی چەکدارانی داعش نەچنە ناو خەڵکی ناوچەکە، چونکە بەشێکی زۆر لەو هاوڵاتییانەی پارێزگای موسڵ کەسوکارە نزیکەکانیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون، بەهۆی زاڵبوونی نەریتی کۆمەڵایەتییەوە، ئەگەر بێنە ناو خەڵکەوە، کەسوکاری ئەو داعشانە لەلایەن خەڵکەوە دەکوژرێنەوە، بۆیە ڕێککەوتنەکە بەوجۆرەیە هەر لە کامپی جەدعە لەژێر چاودێریی ئەمنییدا بمێننەوە.

پێشتر غەیاس سورچی لە لێدوانیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسی لە ئەگەری گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارە کوردەکانی داعش کردبوو بۆ كامپەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا بوونی بڕیاری لەوجۆرە بۆ گەراندنەوەیان بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاند، ئەو خێزانانە ژمارەیان لە 20 بۆ 30 خێزان تێناپەڕێت و هەرێمی کوردستانیش ڕەتیکردووەتەوە وەریانبگرێتەوە.

کامپی هۆل لە ڕۆژئاوای كوردستانە، نزیكەی 70 هەزار كەس لە خێزانی چەكدارانی داعشی تێدایە، لەو ژمارەیە 29 هەزاریان منداڵن، ئەوانەی لە کامپەکەدا نیشتەجێکراون خەڵکی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانن.

بابەتی پێشتر

واشنتن پۆست: هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر عەمبارێكی (سی ئای ئەی) كردووەتە ئامانج

بابەتی دواتر

گەنجێك كە سزای 15 ساڵ زیندانی هەبووە بە تاوانێكی دزیكردن دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەغداد.. سێ تەقینەوە ئەنجامدران

زنجیرەیەك تەقینەوە سێ مەیفرۆشییان لە بەغداد كردە ئامانج و كەسێك برینداربوو. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە…
Total
1
Share