حەشدی شەعبی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “دوای ڕێككەوتنەكەی شنگال، پێویستە پارێزگاری لەو دەستكەوتە ئەمنییانە بكرێت كە لە كەركوك دا بەدەستهێنراون.”
لە ڕاگەیاندراوەكەیدا، حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، “فەرماندەكانی حەشد و هێزە ئەمنییەكان كۆبوونەتەوە و بارودۆخی ئەمنیی كەركوك، لە سێیەم ساڵیادی وەرگرتنی دۆسێی ئەمنیی پارێزگاكە لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكانەوە، تاووتوێكراوە.”
وەك ڕاگەیاندراوەكەی حەشدی شەعبی ئاشكرایكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە بارودۆخی ئەمنیی كەركوك لە ماوەی ڕابردوودا ناسەقامگیربووە، بەڵام ئێستا ئاسایش لە پارێزگاكە دا بەرقەرارە و بە پێویست زانراوە ئەو سەقامگیرییە پارێزگاری لێبكرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا باس لەوە دەكرا كە حەشدی شەعبی هێزی جووڵاندووە بۆ كەركوك، بەڵام شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەوەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، “هیچ جموجۆڵێكی سەربازی لە دەرەوەی فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ناكرێت.”