پارتی و یه‌كێتی چی له‌باره‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن؟

شه‌قامێكی كه‌ركوك فۆتۆ: Google

دوو حزبی باڵای هه‌رێم كه‌ له‌ كه‌ركوكیش حكومڕان بوون، وێڕای بوونی جیاوازی له‌ بۆچونیان له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی ڕوداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و دواتره‌وه‌، به‌ڵام كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌ به‌ قورسی له‌سه‌ر كورد كه‌وتووەتەوە‌، ڕه‌نگه‌ برینێكیش بێت ساڕێژبوونی ئاسان نه‌بێت.

پارتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ “كاره‌سات” ناوده‌بات
فازل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ڕوداوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا لە کەرکوک و دەوروبەری ڕویاندا پێویست بە قسە لەسەرکردن ناکات، چونکە ئەو ڕوداوانە تێپەڕین، بەڵام کارەساتی گەورەی لێکەوتەوە و کارەساتی گەورەشی بەجێهێشتووە، برینەکانی ئەو کارەساتانە نازانین کەی ساڕێژ ده‌بن، چونکە ئەو برینە بە جەستەی سیاسی و ژیانی تاک بە تاکی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوەیە”.

“کەرکوک شارێکی زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ هەرێمی کوردستان، هەم لە ڕووی جوگرافیا و هەم لە ڕووی ئەو خەباتى سەد ساڵییەی کە کورد لە پێناو ئەو شارەدا کردوویەتی، هەروەها قوربانیی گەورە لە پێناو کوردستانی بوونی کەرکوکدا داوە، هەروەک هەمووشمان ئەزانین کەرکوک بۆ کورد یەکلایی کرابووەوە و ئەو پرسەمان گەیاندبووە کۆتایی و کەرکوک بووبە هی کورد، بەڵام بەداخەوە لەو (تاوانە)ی 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکوکمان لەدەستدایەوە و خستمانەوە قوڕگی شێر، کەی دەتوانین وەریگرینەوە نازانین”، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی وای وت.

“لە مێژووی خەباتی کورد-دا زۆر شوێنمان بە شەڕ لەدەستداوە”
لەبارەی ئەو هۆکارانەی کە ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەریان دروستکرد، فازڵ بەشارەتی وتی، “ئەگەر گەورەترین بەرەی سەربازی لە جیهاندا درزێکی تێبکەوێت خۆی ڕاناگرێت، لە کەرکوکیش کێشە لە هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوکدا دروستبوو”.

بەرپرسەکەی پارتی 16ی ئۆکتۆبەری بە خیانەت و تاوانێکی گەورە ناوبرد و وتی، “ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لە خیانەت و تاوان هیچ دەربڕینێکی دیکە بۆ ئەو ڕوداوانەی 16ی ئۆکتۆبەر شک نابەین، چونکە لە مێژووی خەباتی کورد-دا زۆر شوێنمان بە شەڕ لەدەستداوە، بەڵام نە کورد شکاوە نە بە خیانەت بووە، چونکە ئەوە سروشتی شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوەی سەربازییە لە دنیادا، بەڵام کەرکوک بە شەڕ نەگیراوە کەرکوک بە خیانەت تەسلیم کرا خیانەت لە پێشمەرگە و لە کەرکوک کرا”.

لەدوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تەنیا هێزێک دەبینرێت کە نەگەڕاوەتەوە کەرکوک، لەوباریه‌وە فازڵ بەشارەتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ” پارتی ئامادەنییە بگەڕێتەوە کەرکوک و بچێتە ژێر ئاڵای حەشدی شەعبی، پارتی لە مێژووی خۆیدا نەچووه‌تە ژێر پەڕوباڵی هیچ داگیرکەرێک، ئێستاش تاوەکو بە ئازادییەکی تەواو ئاڵای کوردستان لە کەرکوک لەسەر بارەگاکانی پارتی هەڵنەکرێت پارتی ناچێتەوە کەرکوک، تاوەکو بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی چۆڵنەکرێت و پارتی ڕاستەوخۆ نەچێتەوە بارەگاکانی خۆی ناچینەوە ئەو شارە، تاوەکو دۆخی کەرکوک لەڕووی ئیداری، ئەمنی و سیاسییەوە ئاسایی نەکرێتەوە و نەکرێتە ئیدارەیەکی هاوبەش وەک شەنگال ناچینەوە کەرکوک”.

بەشارەتی وتیشی، “ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکوک بەداگیرکراو دەزانین گومانیش لەوەدانییە کە داگیرکراوە، داگیرکردن چی لەوە زیاترە کە لە کەرکوک کراوە، ئەگەر داگیرنەکرایە پەلامار نەدەدرا، خەڵکی تێدا قەتڵوعام نەدەکرا، خەڵکە ڕەسەنەکەی کەرکوک بەجێینەدەهێشت و دەرنەدەچوون لەو شارە”.

یه‌كێتی چی ده‌ڵێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوانه‌؟
لەلایەکی دیکەوە ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا، ستەمی هێزە عێراقییەکان بوو لە کەرکوک بەهۆی ڕیفراندۆم، لەئەنجامی کێشە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بێگومان هەمومان دەزانین کێشەی گەورە هەبوو، دوای ئەوەی ڕیفراندۆم کرا و کێشەکان قوڵبوونەوە هێزە عێراقییەکان هاتنە کەرکوک”.

ئارێز عەبدوڵا وتیشی، “16ی ئۆکتۆبەر ستەمێکی گەورەی حکومەتی عێراق بوو لە کەرکوک و هەموو خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا کات و میکانیزمی ڕیفراندۆم لەوکاتەدا کە لەلایەن سەرکردایەتیی کورد و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لەسەردرا تەوقیتێکی خراپ بوو، کاتەکەی گونجاو نەبوو، چونکە درزی خستە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق”.

“ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەبوایەوە ئەوان پەلاماری کەرکوکیان دەدا”
ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، لەگەڵئەوەشدا حکومەتی عێراق ڕیفراندۆمی تەنها وەک بیانوویەک بەکارهێنا بۆ پەلاماردانی کەرکوک، ئەگەرنا دەیتوانی کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ هەرێم بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکات، “ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەبوایەوە ئەوان پەلاماری کەرکوکیان دەدا”، بەڵام ڕیفراندۆم ئەو بەهانەیەبوو کە بەکاریانهێنا.

ئارێز عەبدوڵا سەبارەت بە ویستی عێراق بۆ پەلاماردانی کەرکوک و ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر باسیلەوەکرد، “یەکێک لەو ستەمانەی لەدوای روخانی ڕژێمی سەدام، حکومەتی عێراقی لە هەرێمی کوردستانی کرد پەلامارەکانی سەر کەرکوک بوو لە 16ی ئۆکتۆبەردا، بەڵام ئەو ستەمە کاردانەوەی ڕیفراندۆم بوو، هەرچەندە ئەوە نابێتە پاساو بۆ ئەو ستەمە، پەلاماردانی کەرکوک و ئەو ڕوداوانەی ئەو ڕۆژە ڕویاندا هیچیان کەمتر نەبوو لە پەلامار و ستەمەکانی لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو دەکرایە سەر گەلی کورد”.

سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەو ڕوداوانە ئارێز عەبدوڵا وتی، “ئێمە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانمان لەدەستدا، هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان قوڵتربوونەوە، درز کەوتە نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کە هەریەکەیان ئەوی تریان تۆمەتبار و تاوانبار دەکرد لەکاتێکدا دەبوایە لەوکاتەدا یەکڕیزی بپارێزن، بەڵام لایەنەکانی هەرێم کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتر، ئەمەش پێگەی هەرێمی کوردستانی لە عێراق، ناوچەکە و سەرتاسەری جیهانیش لاوازبوو، تاوەکو ئێستاش نەمانتوانیوە پێگەی هەرێمی کوردستان بگەڕێنینەوە پێش ئەو ڕوداوانە”.

بابەتی پێشتر

‘ئێستا’ هۆكاری دواكەوتنی موچەی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

یەكێتی: وریایی فه‌رمانده‌‌كانمان نه‌بووایه‌ كه‌ركوك به‌ره‌و سه‌رگەردانییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌برا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share