ژووری بازرگانیی سلێمانی: هاوكار دەبین لە چالاككردنەوەی كارگەكانی پارێزگاكە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەم مانگەدا پێشانگایەكی پیشەسازی ڕێكدەخات، چەند كۆمپانیایەكی هەرێمی كوردستانیش بەشدار دەبن تیایدا.

ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاشكرایدەكات، حكومەتی عێراق چەند هەنگاوێكی باشی بۆ بوژاندنەوەی كارگە ناوخۆییەكان ناوە، كە بە سوودی هەرێمی كوردستانیش دەشكێتەوە.

كۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی سلێمانی – 5ی كانونی دووەم

پلانی ژووری بازرگانیی سلێمانی بۆ 2021

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی دووەم، ئەنجومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك بۆ پێشخستنی كارگە ناوخۆییەكان درا.

لەوبارەیەوە یاسین ڕەحیم، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە تەواوی پشتیوانییەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی کرا بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆی و بە گەڕخستنەوەی کارگە ناوخۆییەکان و زیادکردنی دەرفەتی کارکردن”.

ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، “بڕیارماندا بۆ ساڵی 2021 كۆمەڵێك بەرنامەی چاكسازیمان هەبێت، داوا بكەین بەرپرسانی هەرێم و سلێمانی بێن بە هانامانەوە بۆ ئەوەی كارئاساینی بۆ بازرگانان و پیشەسازە ناوخۆییەكان بكەین”.

وەك ژووری بازرگانی جەختمان كردووەتەوە كارگەكانی ناو سلێمانی چالاك بكەینەوە

“ئێستا كەسێك خەڵكی سلێمانی بێت و بیەوێت لە سنووری سلێمانیدا كارخانە و كارگەیەكی پیشەسازی بكاتەوە، ئەوەندە دەیهێنن و دەیبەن و ئازاری دەدەن پشتی سارد دەكەنەوە و ڕەنگە بڕوات لە دەرەوە كارگەكەی دابنێت”، وەك یاسین ڕەحیم وتی.

ئاشكراشیكرد، “بڕیارمانداوە چاومان بە بەرپرسە سیاسی و ئیدارییەكان بكەوێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕۆتینانە و هەركەسیش ڕێگر بێت سزا بدرێت”.

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، “وەك ژووری بازرگانی جەختمان كردووەتەوە كارگەكانی ناو سلێمانی چالاك بكەینەوە، ئاسانكارییان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی كەرتی ئابوری ببوژێتەوە و بەوەش دەستی كار دەخرێتە كارەوە و ئەركی حكومەتیش ئاسان دەبێت”.

پێشانگاكەی عێراق و بەشداریی كۆمپانیاكانی هەرێم

ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرایكرد، “وەزارەتی پیشەسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هەڵدەستن بە ڕێكخستنی پێشانگایەك بۆ بەرهەمە عێراقییەكان”.

لە ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “پێشانگاكە ئامانجیەتی تیشك بخاتەسەر بەرهەمە ناوخۆییەكان و خزمەت بە كەرتەكانی وڵات بكات، هەروەها هاندانێك بێت بۆ بەرهەمی ناوخۆیی”.

بڕیارە ئەو پێشانگایە لەژێر ناونیشانی “لە عێراق بەرهەمهێندراوە” لە بەرواری 17 تا 21ی ئەم مانگە لە عێراق بەڕێوەبچێت.

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی لەبارەی ئەو پێشانگایەی بەغدادەوە وتی، “ژمارەیەك كۆمپانیای سلێمانی و هەرێمی كوردستان بانگهێشتكراون و بەشدار دەبن”.

سەبارەت بە گرنگی ئەو جۆرە چالاكییانە بۆ كەرتی ئابوری، یاسین ڕەحیم ئاماژەی بەوەشكرد، “حكومەتی عێراقی كۆمەڵێك بڕیاری باشی داوە كە بتوانێت ژێرخانی ئابوری ببوژێنێتەوە، ڕاستە حكومەتی عێراق كۆمەڵێك كێشە و ئاستەنگ و بابەتی دیكەی هەیە لەڕووی ئابورییەوە، بەڵام كۆمەڵێك بڕیاری چارەنوسسازیشی هەیە بۆ ئەوەی خزمەت بە ئەمنی قەومی بكات”.

باسی لەوەشكرد، “بۆنمونە زۆر كاڵا و مەواد هەن حكومەتی عێراق هێنانە ناوەوەی قەدەغەكردووە و تەنانەت لە بازاڕەكانیش هەبن دەستیان بە سەردا دەگیرێت و سزا دەدرێن”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانیی سلێمانی، عێراق دەیەوێت بەرنامەی خۆخۆیی دابنێن بۆ بوژاندنەوەی كارگە نیشتمانییەكان لە عێراقدا.

كارگەیەكی دروستكردنی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی كوردستان

لەبارەی كاریگەریی هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان، یاسین ڕەحیم ئاشكرایكرد، “بە دڵنیاییەوە ڕێكارەكانی حكومەتی عێراق كاریگەریی باشی لەسەر ئێمە دەبێت”.

هۆكارەكەی ئەو وتەیەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، “گەر حكومەتی عێراق پەرە بە كارگە ناوخۆییەكان بدات، بۆ هەرێم باشە چونكە كارگەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن بەرهەمەكانیان بنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق”.

بابەتی پێشتر

کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای کۆرۆنا و ئەنجومەنی وەزیران دوا دەخرێن

بابەتی دواتر

لە ساڵی 2020دا بە بەهای ملیارێك یۆرۆ چەكی ئەڵمانی بۆ وڵاتانی عەرەبی هەناردەكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەی 320 ملیارەكە دەگات؟

بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان كە وەك بەشێك لە موچەی…
Total
0
Share