یەكێتی: وریایی فه‌رمانده‌‌كانمان نه‌بووایه‌ كه‌ركوك به‌ره‌و سه‌رگەردانییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌برا

لۆگۆی ی.ن.ك

ڕاگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت، “16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌رئه‌نجامی پێشبینیی هه‌ڵه‌ و بڕیاری نه‌خه‌مڵیوی سیاسی و ستراتیژی بوو”.

ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یادی ڕووداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر دا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە “یه‌كێتی لێكه‌وته‌ و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێكی نه‌خه‌مڵیووی ده‌بینی و رای گشتیی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیشی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ هۆشیار كرده‌وه‌. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن بێ گوێدانه‌ ئاكامه‌كانی هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه‌، به‌ ته‌نها ملیان نا، نیوه‌ی خاكی كوردستان و ته‌واوی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردیان برده‌ سه‌ر هه‌ڵدێرانێكی سه‌خت.”

لە ڕاگەیاندراوەكەیدا، ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، “لە 16ی ئۆكتۆبەر دا، هێزه‌كانی تر، كه‌ یه‌كێتی نه‌بوون، به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ پاشه‌كشێ و چۆڵكردنی هێڵی به‌رگری، سه‌نگه‌ره‌كانیان چۆڵ كرد، هێزه‌كانی ٧٠ و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیان به‌ ته‌نها له‌به‌رده‌م له‌شكری نابه‌رابه‌ری هێزی هێرشبه‌ردا به‌جێهێشت. ئه‌گه‌ر وریایی فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌بووایه‌، كه‌ركوك به‌ره‌و وێرانی، و خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ره‌و سه‌رگەردانییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌بران.”
دەقی ڕاگەیاندراوەكە:-
له‌ ساڵیادی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا، سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌كانی پارێزگارییكردن له‌ كه‌ركوك و خاكی كوردستان داده‌نه‌وێنین، كه‌ به‌ گیانی خۆیان داستانێكی به‌رزی به‌رگرییان تۆماركرد و نه‌یانهێشت چه‌واشه‌كارانی مێژوو، له‌ هه‌وڵی زڕاندنی ناو و خه‌بات و رێبازی پیرۆزیاندا، خه‌ونی نه‌زۆك به‌دی بێنن.
١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌رئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ك پێشبینی هه‌ڵه‌ و بڕیاری نه‌خه‌مڵیووی سیاسی و ستراتیجی بوو، كه له‌ ریفراندۆمدا‌ فۆرمه‌له‌ كرا و، ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ كاره‌سات بۆ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، و پاشه‌كشێ له‌ ده‌سكه‌وته‌ گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و، دوو به‌ره‌كی، ئاژاوه‌ و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی به‌دوای خۆیدا هێنا.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ به‌رچاوه‌ڕونییه‌وه‌ لێكه‌وته‌ و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێكی نه‌خه‌مڵیووی له‌مجۆره‌ی له‌ كوردستانی عێراق، له‌ كات و ساتێكی ناوه‌ختدا، ده‌بینی و رای گشتیی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیشی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ هۆشیار كرده‌وه‌. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن بێ گوێدانه‌ ئاكامه‌كانی هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه‌، گوێیان له‌ ئامۆژگاریی دڵسۆزان، وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی و په‌یامی ئاشكرای نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان نه‌گرت، به‌ ته‌نها ملیان نا، نیوه‌ی خاكی كوردستان و ته‌واوی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردیان برده‌ سه‌ر هه‌ڵدێرانێكی سه‌خت، و ئه‌گه‌ر وریایی فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌بووایه‌، كه‌ركوك به‌ره‌و وێرانی، و خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ره‌و سه‌رگردانییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌بران.
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ٧٠ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ بڕیاری له‌ناكاو و دروستی روبه‌ڕونه‌بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق، توانی ئه‌و بۆشاییه‌ كوشنده‌یه‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕیزی پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتی دا له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ر روویاندابوو. هێزه‌كانی تر، كه‌ یه‌كێتی نه‌بوون، به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ پاشه‌كشێ و چۆڵكردنی هێڵی به‌رگری، سه‌نگه‌ره‌كانیان چۆڵ كرد، هێزه‌كانی ٧٠ و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیان به‌ ته‌نها له‌به‌رده‌م له‌شكری نابه‌رابه‌ری هێزی هێرشبه‌ردا به‌جێهێشت. یه‌كێتی به‌ بڕیارێكی له‌خۆبوردوانه‌، ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ناجوامێرانه‌یه‌ كرد، قوربانیی به‌ ده‌سكه‌وته‌كانی خۆی دا، تا ده‌سكه‌وته‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئاوه‌دانیی شاری كه‌ركوك و ژیانی كه‌ركوكییه‌كان بپارێزێت و رێگه‌ نه‌دات، ماڵ و حاڵی كوردانی خێرله‌خۆنه‌دیوو، ببێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی نه‌خوازراو. شه‌ڕێك كه‌ تا ئه‌مڕۆش، نه‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌وكاتی هه‌رێم، نه‌ په‌رله‌مانی كوردستان، و نه‌هیچ داموده‌زگایه‌كی تری هه‌رێمی كوردستان، به‌رامبه‌ر سوپای عێراق بڕیاری به‌رپاكردنی نه‌دا.
بۆیه‌ ئه‌مڕۆ گوتاری چه‌واشه‌كارانی مێژوو هه‌ر چۆن بن، هه‌میشه‌یی نین، و كاریگه‌ری له‌ وره‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی قوربانیانی یه‌كێتی له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ناكه‌ن. رۆژێك مێژوو ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌ی سه‌ركردایه‌تی ریفراندۆم و، به‌رگریی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی له‌ خاكی كوردستان، هه‌ڵاوێرد ده‌كا و به‌ دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ ده‌نووسێته‌وه‌. ئه‌وكات رۆحی شه‌هیده‌كانمان ئاسووده‌ ده‌بن و دادگای ویژدانی گه‌ل، بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌دات.
– دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ئۆكتۆبه‌ر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی به‌رگرییكردن له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان.
– سه‌رشۆڕی بۆ چه‌واشه‌كاران و ئه‌وانه‌ش، كه‌ هه‌موو مێژوویان خۆچه‌ماندنه‌وه‌ بووه‌.
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك)
١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٠

 

بابەتی پێشتر

پارتی و یه‌كێتی چی له‌باره‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن؟

بابەتی دواتر

چۆمان.. بەهۆی ڕوداوێكی هاتوچۆوە سێ كەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار