ئایا دەستگیركردنی سەركردەكەی حەشدی شەعبی وەڵامی پرسیاری “كێ كوشتمی؟”یە؟

قاسم موسڵح

لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی عێراق لە تشرینی یەكەمی 2019 كە دواتر بە شۆڕشی تشرین ناسرا، تۆمەتەكان بە ئاراستەی میلیشیاكانی نزیك لەئێران، ئەوانەی لەژێر سایەی دەستەی حەشدی شەعبیدا كۆبوونەتەوە دووبارەبوونەوە، دەربارەی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و كوشتن و بێسەروشوێنكردنی چالاكوانان.

بە ڕۆژێك دوای ئەو خۆپیشاندانەی ڕۆژی سێشەممە 25ی ئەم مانگە لە بەغداد بۆ داواكردنی ئاشكراكردنی بكوژی خۆپیشاندەر و چالاكوانان ئەنجامدرا، كە بووە هۆی كوژرانی دوو خۆپیشاندەر و برینداربوونی زیاتر لە 150ی دیكە، هێزێكی ئەمنی قاسم موسڵح فەرماندەی پڕۆسەكانی ئەنباری دەستەی حەشدی شەعبی لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغداد دەستگیركرد، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەش میدیاكانی سەر بە گروپەكانی نزیك لە ئێران هۆكارەكەیان بۆ ڕێگریكردن لە هاتنەناوەوەی كاروانێكی سەربازیی ئەمریكا بۆناو عێراق لە سوریاوە گەڕاندەوە.

بەڵام شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا دەستگیركردنی موسڵح-ی ڕاگەیاند و ئاشكرایكرد لەلایەن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشەوە تایبەت بە چەند تۆمەتێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

تۆمەتەكەی چی بوو؟
لەگەڵ دزەكردنی هەواڵەكەدا دەربارەی دەستگیركردنی سەركردەكەی حەشدی شەعبی، تا بڵاوبوونەوەی نوسراوی بەڵگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە ڕونیدەكاتەوە قاسم موسڵح بەپێی ماددەی 4ی یاسای تیرۆر دەستگیركراوە، دەنگۆی جیاجیا بڵاوكرانەوە.

سایتی دەرەج لەسەر زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، موسڵح “تێوەگلاوە بە تیرۆركردنی هەردوو چالاكوان فاهم تائی لە 8ی كانونی یەكەمی 2019 لە بەردەم ماڵەكەیدا لە كەربەلا و ئیهاب وەزنی لە 9ی ئایاری ڕابردوو” لە هەمان شار.

كوشتنی وەزنی جارێكی دیكە بووە هۆی وروژاندنی ڕای گشتی بۆ دووبارە خستنەڕووی داخوازی لێپێچینەوە لە بكوژان و پاراستنی چالاكوانان، تەنانەت گیانی كردەوە بەبەری بزوتنەوەكانی تشرین لەژێر دروشمی “كێ كوشتمی؟” كە دەیان هەزاری لەدەور كۆبووەوە و ڕۆژی سێشەممە ڕژانە گۆڕەپانەكانی بەغداد و، داوای ئاشكراكردنی بكوژی وەزنی و زیاتر لە 600 چالاكوان و ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەری دیكەیان كرد كە لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ەوە لەناوبراون.

حەیدەر مەروانی، چالاكوانی خۆپیشاندانەكان دەڵێت، دەستگیركردنی قاسم موسڵح “نابێتە هۆی كەمكردنەوەی كاردانەوەكان سەرەڕای زۆر ناوهێنانی لەنێو ئەو ناوانەی بەرپرسن لە كردەكانی تیرۆر و سەركوتكردن لە كەربەلا” مەروانی گومانیشی هەیە لە توانای حكومەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی میلیشیاكان، بەڵام لەهەمان كاتدا باوەڕیوایە كە دەستگیركردنی موسڵح “لە بەرژەوەندی وڵاتدایە و ئەمەش بەدڵی سەرانی میلیشیاكان نییە” وەك ئەوەی دەیڵێت و لە كۆتایشدا گومانی هەیە لەوەی “تەنانەت دەستگیركردنەكە لە ڕێككەوتنی ژێربەژێر دەچێت”.

تیرۆر و زیاتر
عەلا نشوع شارەزای ئەمنی پێیوایە “پێویستە ڕەوتی حەشد و میلیشیاكانی قوربانی بدەن، بەتایبەت پاش سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان لەگەڵ زانینی ئەوەی بكوژی ڕاستەقینە زۆر گەورەترە لە قەبارەی قاسم موسڵح” و دەشڵێت، “حەشد بووەتە هێزێكی قورس لەسەر شانی دەوڵەت كە ناتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت یان ڕێوشوێنی بەرامبەر بگیرێتەبەر”.

ئەو تۆمەتەی ڕوبەڕووی میلیشیاكان دەكرێتەوە تەنها لە كوشتنی چالاكواناندا كورت نابێتەوە، بەڵكو گروپەكان لەژێر فشاردان بەهۆی كردەكانی بەئامانجگرتنی كاروانی ئەو كۆمپانیایانەی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناوەندە دیبلۆماسییەكاندا گرێبەستیان هەیە، نشوع لەسەر ئەوە دەڵێت، “بەئامانجگرتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەكات، هەموو ئەو پێدراوانە دەبنە هاندەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕزگاربوون لەو میلیشیایانە و گەڕانەوەی چەك بۆ دەوڵەت”.

ئاسایش بە تامی ڕێككەوتنی ژێربەژێر
دەستگیركردنی قاسم موسڵح و كاردانەوەكانی دوای ئەوە، لە چەند كاتژمێرێكدا ڕوویدا، مەروان جبوری ڕۆژنامەنوسی عێراقی لەو بارەیەوە دەڵێت، “هێشتا زووە بڕیارە لەسەر ئەو هەنگاوە بدرێت، ئایا پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگریی ڕاستەقینە بووە یان بۆ وەڵامدانەوەی داخوازی خۆپیشاندەران بووە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەكانی شەقام”. ئەوەشی وت، “لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان پێدەچێت زۆرێك لە ڕێوشوێنی مەیدانی دیكە ببینین كە بەكاربهێنرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێویشیاندا بە قوربانیكردنی هەندێك كەسایەتی”.

یاسای حەشدی شەعبی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2016 پەسەندكرا دەڵێت، “حەشدی شەعبی هێزێكە هاوشانی هێزە چەكدارەكانی عێراق و پەیوەندیدارە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان”، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم گروپانە لەژێر فەرمانی سەركردەكانیاندان كە ئەوانیش بە ڕابەری باڵای ئێران لە تارانەوە پابەندن، قاسم موسڵح و لیواكەیشی (تفوف) دابڕاو نییە لێی، سەرەڕای ئەوەی بەهەمان شێوە پابەندن بە مەرجەعی شیعیەكانەوە.

ڕەوتی ژیان
لەدوای ڕوبەڕوبوونەوەكان لەگەڵ ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە حوزەیرانی 2014ەوە، قاسم موسڵح بە فەرماندەی لیوای (عەلی ئەكبەر) ناسرا كە بە چاودێری عەتەبەكان و مەرجەعیەتی سیستانی پێكهێنرا، هەروەك بە نزیكیی لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس ناسرا، بەڵام لە ساڵی 2017 موسڵح لەو لیوایە جیابووەوە و دەستیكرد بە دروستكردنی گروپێكی دیكە لەژێر ناوی “لیوای تفوف”.

سیاسییە نزیكەكان لە حەشدی شەعبی دەڵێن، “لیوای تفوف” گرێدراوی مەرجەعیەت نییە، بەڵگەش لەسەر ئەوە جیابوونەوەی “حەشدی عەتەبات”ە لە دەستەی حەشدی شەعبی و چوونە پاڵ وەزارەتی بەرگری لە سەرەتای كانونی یەكەمی 2020، حەشدی عەتەبەكان لە چوار فەسیڵەی سەرەكی پێكدێن كە ئەوانیش بریتین لە هەریەك لە فیرقەكانی (ئیمام عەلی ) و (عەباس) و لیوا (عەلی ئەكبەر) و لیوای لایەنگرانی مەرجەعیەت.

دەسەڵات و توانا
قەڵەمڕەویی لیوای تفوف بەسەر چەندین ناوچەدا دابەشدەبێت، گرنگترینیان دوانن، ناوچەی قائیم-ی سنووری لەوپەڕی ڕۆژئاوای ئەنبار و پارێزگای كەربەلا. ساڵانە لیواكە ئەركی پاراستنی زیارەتكرانی چلەی ئیمام حوسێن لەئەستۆدەگرێت. بارەگا سەرەكییەكەی دەكەوێتە نزیك ناحیەی (نخێب) لە ڕۆژئاوای كەربەلا بە ئاراستەی پارێزگای ئەنبار.

بەپێی وتەی یەكێك لەو كارمەندانەی وازی لە كاركردن لەگەڵ لیواكە هێناوە بارەگاكە “بریتیە لە عەمباری دێرینی سەر بە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و بەر لە ساڵی 2003 لە سەردەمی سەدام حسێن دروستكراوە”. ئەو كە ناوی نەهێنراوە ئاشكراشیدەكات، قاسم موسڵح ناوچەكەی كردووەتە سەربازگەیەكی زەبەلاح و لە چەند بەشێكیشیدا وەبەرهێنانی كردووە، “لە دەرەوەی سەربازگەكە موسڵح پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی لەسەر ڕووبەری 20 دۆنم دروستكردووە، لەگەڵ پڕۆژەیەكی پەلەوەر، وەبەرهێنانیشی لە مەڕوماڵات و مانگادا هەیە تا ئەوەی ژمارەیان بووەتە هەزارەها” دەشڵێت، “بەهەمان شێوە دەریاچەیەكی گەورەی ماسی تیایە”.

كارمەندێكی دیكە كە لە بارەگاكە كاری كردووە و ساڵی ڕابردوو گوازراوەتەوە بۆ ناوچەی قائیم دەربارەی تواناكانی لیوای تفوف وتی، “كارگەیەكی زرێپۆشكردنی ئۆتۆمبێلی هەیە، لە سەربازگە سەرەكییەكەی كەربەلا شوێنی نیشتنەوەی هەلیكۆپتەر هەیە، لەوێ ڕاهێنانمان لەسەر چەكی كڵاشینكۆف و بی كەی سی و قەناسی دروستكراوی ئێرانی كردووە”.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكان لە پارێزگای كەربەلا، دەردەكەوێت كە نوسینگەی قاسم موسڵح و لیواكەی لەنێو (عەتەبەی حسەییەنییەدان)، یەكێك لەوانە دەڵێت، “تائێستا نوسینگەكەی لەوێیە، سەرەڕای ئەوەی هەمووان دەزانن كە لیوای تفوف لەنێو پێكهاتەكانی حەشددا ماوەتەوە و نەچووەتە پاڵ لیواكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی بەرگری”.

س: دەرەج

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم: دۆسییەی سزادراوانی بادینان لە قۆناغی ڕاستکردنەوەدایە

بابەتی دواتر

دوای 18 ساڵ چاوەڕوانی بیابانەکەی ناو دڵی پایتەخت خزمەتگوزاری بۆ دەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چین مووشەكی سەروو دەنگ كە “ئاڵنگاریی یاساكانی فیزیا دەكات” تاقیدەكاتەوە

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرایدەكات، چینییەكان تەنها لە هاوینی ڕابردوودا بەلایەنی كەمەوە دووجار چەكی سەرووی دەنگیان تاقیكردووەتەوە. ڕۆژنامەی “فاینانشەڵ تایمز”…
Total
0
Share