عێراقیشی تیایە
گرفتی ئاووهەوا هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

شارەزایان دوپاتیدەكەنەوە گرفتی ئاووهەوا هەڕەشەی لێدانێكی بەهێز دەكات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەردوو هۆكاری كەمبوونەوەی داهات بەهۆی نەوت لە سایەی گۆڕینی ئاراستەی جیهان بەرەو سەرچاوەكانی وزەی نوێ و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ ئاستێكی بەرزی نەگونجاو بۆ ژیان.

دەستەی حكومیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووهەوا و ڕێكخراوی جیهانی كەشناسی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە نزیكەی نیو ملیار كەس تیایدا دەژین و خۆری تیا وننابێت، بەوە ڕیزبەند كردووە كە “لەبەردەم مەترسیدایە”.

دەشڵێن، ناوچەكە زۆرێك لە وڵاتانی تیایە كە تائێستا واژوویان لەسەر ڕێككەوتنی پاریسی ساڵی 2015 نەكردووە و ئەو وڵاتانەش بریتین لە (عێراق، ئێران، لیبیا و یەمەن) ئەمەش بە چەند هەفتەیەك دێت بەر لە كۆنگرەی ئاووهەوا كۆپ 26 كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە گلاسكۆ سازیدەكات.

جیفری ساكس، سەرۆكی تۆڕی چارەسەری پەرەپێدانی بەردەوام سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، كاتێك پرسەكە پەیوەندیدارە بە گۆڕانی ئاووهەوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە لەبەردەم كێشەی ترسێنەرداین.

دەشڵێت، “یەكەم، ئەم ناوچەیە ناوەندی سوتەمەنی خەڵوزییە لە جیهاندا، بۆیە زۆرێك لە ئابورییەكانیان پشت بەو سوتەمەنییە دەبەستێت كە گونجاو نییە بۆ سەردەم و پێویستە بەكارهێنانی بوەستێنین”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، “دووەم، ڕوونە كە ناوچەكە وشكە و زیاتر وشكدەبێتەوە، بۆیە ئەوەی سەرنجمان ڕادەكێشێت نەبوونی ئاسایشی ئاو و كەمبوونەوەی ئاو و ئاوارەبوونی دانیشتوانە”.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێویستە ناوچەكە گۆڕانكارییەكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ناوچەكە لەڕووی سیاسییەوە گرژ و دابەشبووە و بەدەست چەندین جەنگ و ململانێوە دەناڵێنێت كە زۆرێكیان پەیوەندییان بە نەوتەوە هەیە.

لە هەمان كاتدا باس لە هەواڵە خۆشەكەش دەكات و دەڵێت، “تیشكی خۆر هەیە بە ئاستێك وادەكات چارەسەرەكە لە بەردەمیاندابێت. ئەوەی لەسەریانە ئەوەیە سەیری ئاسمان بكەن. تیشكی خۆر بنەماكانی ئابورییەكی نوێی پاكژ و سەوزیان بۆ فەراهەمدەكات”.

یوس لیلیفڵد، كیمیایی هۆڵەندی و شارەزای بەرگە هەوا دەڵێت، بە كۆتایی ئەم سەدەیە، ئەگەر دەردراوە گازییەكان بەم ئاستەی ئێستای بێت، دەشێت پلەی گەرما بە 6 پلەی سەدی و زیاتر لە وەرزی هاویندا بەرزببێتەوە و بەهۆیەوە شەپۆلی گەرمای بەهێز و زۆر بەهێز ڕووبدات.

زانایان دەڵێت، ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كە لە بنەڕەتدا بەدەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنن، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەبنەوە. لەكاتێكدا لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بەرزبوونەوە بە نزیكەی 0.45 پلەی سەدی بۆ هەر دەیەیەك تۆماردەكەن.

بەرزبوونەوەكەی پلەكانی گەرما هۆكاردەبێت بۆ زیادبوونی بەبیابان بوون و گەردەلولی خۆڵین و كەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەكان.

لۆراس فابیۆس، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و سەرپەرشتیاری ڕێككەوتنی پاریس 2015 دەڵێت، لەم هاوینە سوتێنەرەی ئەمساڵدا سوتانی وێرانكەری دارستانەكانمان لە قوبرس و یۆنان و توركیا و ئیسرائیل و لوبنان بینی.

وتیشی، “پلەكانی گەرما 50 پلەی لە كوەیت و عەممان و ئیمارات و سعودیە و عێراق و ئێران تێپەڕاند. وشكەساڵی لە توركیا و كەمبوونەوەی ئاو لە وڵاتانی ناوچەكە هەیە” ئەوەشی وت، “ئەم ڕووداوە تراژیدییانە دیمەنی فیلمێكی كارەساتاوی نین، ڕاستین و بوونیان هەیە”.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تەنها لەو دیاردانەدا نامێنێتەوە، بەڵكو لەماوەی شەپۆلی گەرمادا خەڵك ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە بەهۆی جەڵدەی مێشك و جەڵدەی دڵ. وەك ئەوەی لەگەڵ كۆڤید ڕوودەدات، كە كەسانی لاواز لە گەورە تەمەنەكان و گەنجان و ژنانی دووگیان دەگرێتەوە، وەك ئەوەی شارەزایەك دەیڵێت.

ئاماژەشدەدات، لەگەڵ گۆڕینی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ زەوی ڕوتەن و زیادبوونی ناكۆكی بەهۆی كەمبوونی ماددە پێویستەكان، دەشێت گۆڕانی ئاووهەوا ببێتە سەرچاوەی ململانێ و توندوتیژی لە ئایندەدا.

س: AFP

بابەتی پێشتر

دەتەوێت بیرەوەرییە ناخۆشەکانت بسڕیتەوە؟ زانایان وەڵامدەدەنەوە

بابەتی دواتر

ڕاپەڕین.. لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا مامۆستایەکی زانکۆ گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزه‌زانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوكردەوە، پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە. بەپێی پێشبینییەكانی…
Total
0
Share