كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە لەنێوان سەدر و چێوەی هەماهەنگی ئەنجامدەدرێت

نوری مالكی و موقتەدا سەدر و هادی عامری

سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی ئاشكرایدەكات، لە پایتەخت كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوەیان لەگەڵ موقتەدا سەدر دەبێت، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی سەرچاوەكان بەهۆی فشارەكانەوە سەدر ڕەزامەندی لەسەر بەشداریی چێوە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ نیشانداوە بەو مەرجەی ئەو سەرۆك وەزیران دیاریبكات.

عەلی فەتلاوی، سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوە لەنێوان سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی و موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەنجامدەدرێت بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و لەهەمان كاتدا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

سایتی بەغدادلیەوم لە زاری فەتلاوی وتیشی، “كۆبوونەوەكەی چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەدر، یەكلاكەرەوە و كۆتایی دەبێت، چێوە پێیڕادەگەیەنێت كە لەگەڵ بەشدارییە لە حكومەتی نوێدا بە سەرجەم لایەنەكانییەوە، پێچەوانەی ئەوە بەشداریناكات، بەڵكو ڕوو لە بایكۆت و ئۆپۆزسیۆن بوون دەكات، بژاردەی سێیەممان نییە”.

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە دوێنێ موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە نەجەف-ەوە گەیشتە بەغداد.

بەپێی میدیا عێراقییەكان فشاری زۆری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر سەدر و چێوەی هەماهەنگی هەیە دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و بەشداریپێكردنی لایەنەكانی دیكەی شیعە تیایدا و بەهۆیەوە سەدر نەرمی لەسەر بەشداریكردنی سەرجەم لایەنەكان نیشانداوە، بەڵام بە چەند مەرجێك.

وەعد قدۆ، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی بە بەغداد سەدر كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ هادی عامری ئەنجامداوە بۆ تاوتوێكردنی دۆزینەوەی شێواز و چارەسەرێك بۆ دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئاییندەی چێوەی هەماهەنگی و هەڵوێستی بەرامبەر حكومەتی داهاتوو.

قدۆ وتیشی، “سەدر تائێستا نەرمی لە وتووێژەكاندا نیشانداوە، بەجۆرێك بە عامری وتووە كە دەكرێت تەواوی چێوە بچێتە ناو هاوپەیمانیی شیعییەوە، بەو مەرجەی ناونانی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەدر-ەوە بێت و ڕەزامەندی ئەوی لەسەربێت”.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، سێ ناو دەخرێنەڕوو و پێویستە ڕەزامەندی چێوەی لەسەر بێت، ئەو ناوانەش هەریەك لە مستەفا كازمی یان ساڵح تەمیمی یان عادل مهودر-ن.

سەدر و عامری دوێنێش كۆبوونەتەوە و بەپێی وتەی سەركردەكەی فەتح لە كۆبوونەوەكەدا ئەو پرسانە تاوتوێكراون “بەبێ بوونی ڕێككەوتن لەبارەی چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەران بە كوتلەیەكی شیعیی گەورە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار یان شكستی وتوێژەكان و مانەوەی چێوە هەماهەنگی لە دەرەوەی پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو و چوون بەرەو ئۆپۆزسیۆن بوون”.

ئەو هەنگاوانە لەكاتێكدان هەفتەی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران گەیشتە عێراق و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەركردە شیعییەكان بەمەبەستی سازانی ڕێككەوتن لەنێوانیاندا دەستپێكرد.

بەپێی هەندێكی دیكە لە سەرچاوەكان سەدر ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەشداریكردنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە حكومەتی داهاتوودا، بە مەرجی ئەوەی نوری مالكی هیچ دەسەڵات و پۆستێكی پێنەدرێت.

بەمپێیەش هەوڵەكانی پێشووی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی شكستدەهێنن، كە پێشتر چەندین جار دووپاتیدەكردەوە.

لە ئەگەری ڕێككەوتنی نێوان لایەنە شیعییەكاندا و ڕێككەوتنی پێشووتری لایەنە سونییەكان، تەنها لایەنە كوردییەكان بە پەرتەوازەیی بەشداری لە حكومەت و ئاییندەی عێراقدا دەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێككەوتنی تاكلایەنە و پێشوەختی لەگەڵ سەدر و بەشێك لە سوننەكان و سووربوونی لەسەر پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار “سازانی كوردی” تێكدا، وەك ئەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-دا ئاماژەی پێدا.

یەكشەممەی ڕابردوو 23ی كانوونی دووەم ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە و لە پرسی تایبەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیستحقاقە دەستوورییەكاندا ڕایگەیاند، ”پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی واژووکردووە و لە چێوەی ئەو ڕێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشكەشكردووە”.

‎باسی لەوەش كرد، “بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى بە وردی ڕووناكی خستەسەر پێشهاتەكانی ئێستا و جەختیکردەوە کە مادام لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەشدەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆك كۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات”.

بابەتی پێشتر

كەشناسی: ئێوارە لە سلێمانی بەفردەبارێت‏

بابەتی دواتر

هەسەدە: نزیكەی 3 هەزار و 500 چەكداری داعش خۆیان ڕادەستكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: لە دروستكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبووندا چەندین دۆسیەی گەندەڵی گەورە هەیە

لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە دروستكردنی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبووندا دۆسیەی گەندەڵی گەورەهەیە، لیژنەكەشیان چەند بەرپرسێك ڕەوانەی…
Total
0
Share