بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی بۆردێك بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دروستدەكرێت

دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە

دووەم كۆبوونەوەی تایبەت بە‌ ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تیایدا بڕیاردرا بۆردێکی سەرەکی بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و بۆردێکی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دروستبكرێت.

بەسەرپەرشتی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران و ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وە‌زیری كشتوكاڵ و سە‌رچاوە‌كانی ئاو و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، ئەمڕۆ چوارشەممە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە‌ ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان ئە‌نجامدرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێى ئەو کاریگەرییانە کرا کە وشکەساڵى لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا دروستیدەکات، لەمبارەیەوە هەڵۆ عەسکەری ڕاوێژکارى تایبەتی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەشکرد لەسەر چۆنێتی ڕوبەڕوبوونەوەى وشکەساڵی و کەمکردنەوەى زیانەکانی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەووردی گفتوگۆکرا دەربارەى چۆنێتی دەستپێکردنی قۆناغەکانی ڕوبەڕوبوونەوەى دیاردەى وشکەساڵى، لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ڕایگەیاند، دەبێ هەنگاوی بەپەلە بگرینەبەر و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێكی تۆكمە‌ ھە‌بێت‌ بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ ھاوڵاتیان.

هاوکات پێداویستییەکانی هەر سێکتەرێک بەپێى ناوچە و پارێزگاکانی هەرێم و میکانیزمەکانی ڕوبەڕوبوونەوەى وشکەساڵى خرایەڕوو، لەمبارەیەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێکرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ئاشكراشیدەكات، بڕیاردرا بۆردێکی سەرەکی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى وشکەساڵى بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و بۆردێکی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانیش دروستبکرێت.

هەروەك بڕیاریشدرا کە ڕێکارى پێویست بۆ ڕێگرى لەبەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر.

بابەتی پێشتر

دەستگیركردنی سەركردەیەكی حەشدی شەعبی ناكۆكی لە نێوان كازمی و حەشدا دروستدەكات

بابەتی دواتر

وەزیری كۆچ لەبارەی گەڕاندنەوەی خێزانەكانی كەمپی هۆل دڵنیایی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share