بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی ڤیم فاوندەیشن-ی كرد و بەشەكانی بەسەركردەوە، دەستخۆشیی لێكردن لە گرنگیدان بە پرسە كلتوری و ژینگەییەكان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، سەردانی “ڤیم فاوندەیشن”ی كرد و لەنزیكەوە سەرجەم بەشەكانی دامەزراوەكەیان بەسەركردەوە.
هاوسەرۆكی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، “ڤیم فاوندەیشن شوێنێكی گرنگە بۆ گەنجان و پاڵپشتیكردنی بیرۆكە نوێكانی گەنجان لەبوارە جیاوازەكاندا”.
وتیشی، “”ڤیم فاوندەیشن جیاواز لە كاری ڕێكخراوەیی و كۆمەڵگەی مەدەنی، بووەتە هێڵێكی نوێ بۆ پەرەپێدانی كاری هونەری، بەتایبەت پاڵپشتیی توانا و داهێنانەكانی گەنجان”.
بافڵ تاڵەبانی گەشبینیش بوو بەوەی ڤیم بتوانێت بگاتە ئەوەی “ژینگە و كلتوری كوردستان بپارێزێت، ڕۆحی كوردستان بپارێزێت”.
هاوسەرۆكی یەكێتی ڕاشیگەیاند، “ئێستا تێگەیشتم بۆچی كاك قوباد دەڵێت، كە من لە حكومەت تەواو بووم، دەچم لە ڤیم فاوندەیشن دەوامدەكەم”.