قوباد تاڵەبانی: نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، “ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد، لە ئۆلە دیل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا و چەند پرسێکی گرنگی دیکەیان تاوتوێکرد”.

لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و قوباد تاڵەبانی ، داوایکرد ئەڵمانیا ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چاکسازیکردن لە سیستمی حکومڕانی.

لە بەشێکی دیكەی کۆبونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کرا و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیش داوایکرد، ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمان هاوکاری عێراق بکەن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

هەربەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، تەوەرێکی دیكەی کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، لەو چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: “نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە، لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە، بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیكدا شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان”.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داهاتی ناوخۆ و ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەکۆبوونەوەدایە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکانی دا و دوو پڕۆژە یاساشی پەسەندکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share