ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داهاتی ناوخۆ و ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەکۆبوونەوەدایە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرسی داهاتی ناوخۆ و رێکخستنەوەی دەرماڵەکان و چەند بابەتێكی دیكە تاوتوێدەكات، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ و لێبڕین و دواكەوتنی دابەشكردنی موچە، مشتومڕ دروستبوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حكومەتی بڵاوکردووەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی، تاوتوێدەکات.

هەروەها لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە رێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان، دەخرێتەڕوو.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی بابەتی پێداچوونەوەی ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت، کە سەرپەرشتیاری لیژنەی تایبەت بەم بابەتەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دوو پڕۆژەیاسا، کە لەلایەن وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پرۆژەیاسایانە خراونەتە بەردەم بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، كە بریتین لە :

– ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٠).

– ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق).

قسەكردنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داهاتی ناوخۆ، دوای ئەوە دێت، كە دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی بەردەوامیی لێبڕینی موچە و ئەگەری دواكەوتنی، هەروەها نەگەڕانەوەی بەشێك لە داهاتە ناوخۆییەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، مشتومڕ دروستبوو.

بابەتی پێشتر

کازمی فەرماندەکات لێکۆڵینەیەکی ورد لە ڕووداوەکانی گۆڕەپانی تەحریر بكرێت

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە

بابەتی پەیوەندیدار