هەفتەی داهاتوو بۆ بەرشلۆنە قورس و یەکلاکەرەوە دەبێت

هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە کەیسی ڕۆناڵد کومان و چەندین یاریزانی ناوداری یانەکەیان یەکلاییدەکەنەوە.

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی خوان لاپۆرتا لەم هەفتەیەوە هەنگاوەکانی بۆ نوێکردنەوەی پێکهاتەی یانەكە دەستپێدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆناڵد کومان و چەندین یاریزان ئەنجامدەدەن.

یەکەمین کۆبوونەوە لەگەڵ کومان ئەنجامدەدرێت، پێگە و داهاتووی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە بە بەردەوامبوون، یاخود جیابوونەوە یەکلاییدەکرێتەوە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە بنەمایەک بۆ داڕشتنەوەی پلانە وەرزشییەکان بۆ وەرزی 2021-2022.

دوای کومان، لاپۆرتا و ستافەکەی لەگەڵ عوسمان دێمبیلی و لێپرسراوی کارەکانی، هەروەها چەندین یاریزانی گەورەی وەک جێرارد پیکێ، سێرجیۆ بۆسکێتس کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن، بەوپێیەی بۆندەکانیان نزیکە لەکۆتاییهاتنەوە، بە ناچارییەوە دەبێت داهاتووی ئەم ناوانە یەکلاییبکرێنەوە، تاوەکو لە وەرزەکانی داهاتوو بێبەرامبەر ڕوو لە یانەکانی دیکە نەکەن.

یەکێکی دیکە لە گەورەترین کێشەکان لەبەردەم لاپۆرتا نوێکردنەوەی بۆندی لیۆ مێسی ئەفسانەی یانەیە، کە هەموو هەوڵێک دەدەن لە دوو هەفتەی داهاتوودا بە ئەنجامێک بگەن سەبارەت بە نوێکردنەوەی بۆندی یاریزانەکە، بە مەرج وخەسڵەتی نوێ.

بابەتی پێشتر

زانیاریی نوێی هەواڵگریی ئەمریكا گومان لەسەر چۆنێتیی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە ووهان دێنێتەوە بەرباس

بابەتی دواتر

ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له‌ مه‌خمور ده‌ستبه‌كاربوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share