مافیا هەڵگەڕاوەكەی توركیا، تیرۆری دەوڵەتیشی ئاشكراكرد

سیدات بەكیر، ئەو سەركردەی مافیایەی ماوەیەكە چەند نهێنییەكی ناوخۆی توركیا ئاشكرادەكات، لە دوایین ڤیدیۆیدا تیرۆری دەوڵەت ئاشكرادەكات، دەڵێت، هاوسەرەكەی پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی  هەدەپە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كوژراوە، حكومەتەكانی سەردەمی داد و گەشەپێدان و پێشتریش بە ئەنجامدانی كوشتن و تیرۆر تۆمەتبار دەكات.

ماوەیەكە، سیدات بەكیر، كە یەكێك بوو لە بەهێزترین سەركردەی مافیاكان لە توركیا و لەئێستادا لە دوبەی دەژی، بە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی، كۆمەڵێك نهێنیی گرنگ و گەورەی دەیان ساڵی ناو دەوڵەتی توركیای ئاشكراكرد.

دوێنێ یەكشەممە لە دوایین گرتەی ڤیدیۆییدا، بەكیر ئەوەی ئاشكراكردووە، محەمەد ئاغار، وەزیری پێشووی ناوخۆی توركیا، لە ساڵانی نەوەدەكان و لە سەردەمی حكومەتەكەی تانسۆ چیلەر، ساڤاش بوڵدان، هاوسەری پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە و كۆمەڵێك هاوڕێی دیكەی كوشتووە.

بەوتەی سیدات بەكیر، محەمەد ئاغار لە سەرەتای ساڵانی 1990، پارەی لە چەند بازرگانێكی كورد وەرگرتووە، كە ساڤاش بوڵدان یەكێك بووە لەوان، بەڵام دواتر محەمەد ئاغار بۆ ئەوەی ئەو كارەی بشارێتەوە، تانسۆ چیلەر سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیای قەناعەتپێهێناوە، كە “دەوڵەت بۆ داهاتووی خۆی، چەند هەونگاوێك هەن دەكرێت بیاننێت”.

بۆیە مافیا یاخیبووەكەی توركیا دەڵێت، ئەوكات تانسۆ چیلەر و دەوڵەت بڕیاریاندا و ئەو بازرگانە كوردانەیان كوشت، كە هاوسەرەكەی بوڵدان یەكێك بووە لەوان.

بەكیر ڕەتیدەكاتەوە دەوڵەتی توركیا لەپێناو وڵاتەكە و گەلی توركیا ئەوكارەی كردبێت، بەڵكو لەپێناو سڕینەوەی ڕابردووی وەرگرتنی پارە لەو بازرگانانە ئەو كارە كرا.

دوای كوشتنی ئەو بازرگانە كوردانە، بكوژان دادگاییكران، بەڵام هیچ تۆمەتێكیان بەسەردا نەسەپێنرا و ئازادكران.

“دووبارە دەگەڕێینەوە”

دوای ئەو قسانەی سیدات بەكیر، پەروین بوڵدان تویتێكی بڵاوكردەوە، نوسیویەتی، “بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا وتومانە و ئێستاش دووبارە دەیڵێینەوە، ساڤاش بوڵدان و هاوڕێکانی لەلایەن ئەو كەسانەوە كوژران كە حوكمی وڵاتیان دەكرد، ئەوانەشی تاوانی كوشتنەكەیان ئەنجامدا، لە دادگاییكردنێكی سیناریۆئامێزدا بێتاوانییان وەرگرت، بەڵام دووبارە دەگەڕێینەوە و ڕێكار دژی بێتاوانكردنیان دەگرینەبەر”.

سیدات بەکیر لەو ڤیدیۆیانەی سەبارەت بە دەسەڵاتداران و حکومەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان لەئێستادا لەڕێگەی گروپی نێودەوڵەتیی كوشتن و تیرۆركردنەوە، هەوڵی كوشتنی دەدەن.

سیدات لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانیشیدا ڕاستەوخۆ ناوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەهێنێت و باسلەوەدەکات، داوای دانیشتنی ڕاستەوخۆ و کراوەی لێکردووە، ئامادەی ڕازیبوون بووە بە هەر مەرجێک، بە بەمەبەستی سازشکردنی سیدات لە قسەکانی و ئەو زانیارییانەی ئاشكرایكردووە و گەڕانەوەی بۆ دۆخی بێدەنگبوون.

ئەو سەرکردەی مافیایەی تورکیا باس لەوەدەکات، حکومەتەکانی پێشووی تورکیا و سەردەمی داد و گەشەپێدانیش، هەمان ڕێگە بەکاردەهێنن بۆ بێدەنگکردنی هەرکەسێک، کە کاری بازرگانیی گەورەبەرپرسان و دەسەڵاتدارانی دەوڵەت، بازرگانیکردن بە نەوت، گاز، چەک و ماددەی هۆشبەر ئاشکرابکات، بەڵام لەژێر ناوی جیاوازدا پرۆسەی تیرۆرکردنەکە ئەنجامدەدەن.

ئاماژەی بەوەکردووە، دەوڵەتی ئێستای تورکیا ویستی لەسەر سڕینەوە و کوشتنی هەر کەسێک هەبێت، لەژێر بیانووی سیخوڕی، پەیوەندی بە گروپە تیرۆریستییەکان و ڕێکخراوەکەی فەتحوڵا گیولەن، دەستگیردەكرێن و دواتر بێسەروشوێنیان دەکەن.

لە ئەردۆغان و زاواكەی نزیك بووە و یارمەتیی گروپە سورییەكانی داوە

سیدات، بەر لە هەڵاتنی لە تورکیا و چوونی بۆ دوبەی، کەسێکی نزیک لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان بوو، بەتایبەت نزیکیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، هەروەها بەرات بەیرەقدار-ی زاوای ئەردۆغان.

ئەو گەورەمافیایە، پێشتر لە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە وەك ناوێکی ناسراو و یارمەتیدەر سوپاسکرا، لە بەرامبەر هاوکارییەکانی بۆ سوپای تورکیا و گروپە چەكدارە سورییەكانی نزیك لە ئەنقەرە.

سیدات پێشتر لەلایەن سوپا و گەلی تورکیاوە بە کەسێکی خۆشەویست و ناسراو دادەنرا، تەنانەت ناسناوی (سەرۆک سیدات)یان لێنابوو، لە ماوەی ڕابردووشدا دادگای باڵای تورکیا ئەستۆپاکیی سیداتی ڕاگەیاند لە دۆسیەیەك، کە تۆمەتبارکرابوو بە هەڕەشەکردن لە کەسانی ئەکادیمیی ولاتەكە، کە داوای دووبارە دانوستانی ئاشتیی نێوان تورکیا و کوردانی باکووری كوردستانیان کردبوو.

بابەتی پێشتر

پارێزگاری سلێمانی بۆ هەماهەنگیی زیاتری بازرگانی، لە پارێزگای سنەیە

بابەتی دواتر

سێ گەنج دەستگیرکران، كە بۆ ڤیدیۆیەکی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دارێکیان بڕیبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share