نەخشەسازیی نوێ بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکانی هەرێم دیاریكرا

بۆ لەمەودوا لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی مزگەوت لە هەرێمی كوردستان، دەبێت كار لەسەر سێ نەخشەسازی بكرێت، كە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە ھەڵبژێردراون.

لە پارێزگای هەولێر لە ڕێوڕەسمێکدا، لەنێو چەند دیزانێك كە بۆ دروستكردنی مزگەوت لە هەرێم پێشكەش كرابوون، سێ دیزاین هەڵبژێردران كە وەك نەخشەسازیی نوێ بۆ دروستکردن و نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكانی هەرێم جێگیركران.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو دیزاینە نوێیانە دەتوانن مۆرکی کوردەواری تیایاندا ڕەنگبداتەوە و وتی، “لەمەودوا دەمانەوێت دیزاین و نەخشەسازیی مزگەوتەکان مۆرکی کوردەواری تیادا ڕەنگبداتەوە و لە نەخشەسازی ھیچ وڵاتێکی دیکە نەچێت، چونکە لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیش وایە دیزاین و نەخشەسازییەکان لەیەکتر نزیکن”.

وەزیری ئەوقافی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “لەمەودوا بڕیاری نوێ دەرچووە تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی مزگەوت و ڕەچاوی مەودای نێوان دوو مزگەوت کراوە و ڕووبەری مزگەوتەکانیش بەپێی بڕیاری نوێ فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەچاوی شوێنی ئافرەتان کراوە کە پێشتر ئەوە نەبوو، دیزایینەکە بە جۆرێکە لەگەڵ چوونە ژورەوە بۆ ناو مزگەوت، موسڵمانان ھەست بە بۆنێکی خۆشی گوڵ و گوڵزار بکەن و سیمایەکی جوانتر بە مزگەوت دەبەخشێت”.

نەخشەسازییەکە بە جۆرێکە کە گومبەزی مزگەوتەکە لەشێوەی کڵاو و جەمەدانی کوردەواری دەچێت و منارەی مزگەوتەکانیش بە دیزاین و شێوازێکی نوێ دروست دەکرێن، ھەروەھا شێوازی ناوەوەی نزیک دەبێت لەگەڵ ئەو خشت و دیزاینەی کە لە کۆنەوە بۆ خانووەکانی قەڵای ھەولێر بەکارھاتووە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، سێ ئەندازیاری بیناسازی کە دیزاین و نەخشەکانیان کێشاوە لەلایەن پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامی خەڵاتکران.

بەپێی ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی پێكردووە، بۆ نەخشەی نوێی مزگەوت، سێ نەخشە دەستنیشان کراون بۆ دروستکردنی مزگەوتی نوێ، یان دووبارە دروستکردنەوەیان لە سەرانسەری کوردستان و لەنێوان ئەو سێ نەخشە و دیزایینەدا بەپێی تایبەتمەندی و مۆرکی کوردەواری یەکێکیان ھەڵدەبژێردرێن.

لای خۆشیەوە فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كە ئامادەی ڕێوڕەسمەكە بوو، تیشکی خستەسەر کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان و ڕایگەیاند، “پێویستە لەمەودوا مامۆستایانی ئاینی زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن، چونکە دەرگای مزگەوتەکان کراونەتەوە، سوپاسی مامۆستایانی ئاینیشی کرد کە لەمیانی کەرەنتیندا ڕۆڵێکی باشیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بینیووە.

بابەتی پێشتر

وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازێک بۆ نەوتی هەرێم دەکات

بابەتی دواتر

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی داوا لە حكومەت دەكات پابەندی پێدانی موچە بێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەفدی دانوستانكاری هەرێم: ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەكان خستوومانەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق

وەفدی دانوستانكاری هەرێم رایدەگەیەنێت، “ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەكان خستوومانەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق.…
Total
0
Share