پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند، كە چەند پارچە چەكێكی نایاسایی و كامێرای نهێنی هێناوەتە شاری سلێمانی و بەنیازبووە ساغی بكاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، “دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیس لەسەر تۆمەتبارێك كە چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت و كامێرایی چاودێریی نایاسایی هێناوەتە شاری سلێمانی، هێزەکانی بنكەی پۆلیسی رزگاری لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.”
ئاماژەی بەوەشكراوە، توانراوە دەستیشبگیرێت بەسەر چەند چەكێكی بێ مۆڵەتی نایاسایی و كامێرای چاودێری نهێنی و ئوتۆمبێلی تۆمەتباردا.
پۆلیسی سلێمانی ڕونیشیكردووەتەوە،”تۆمەتبارەكە ناوی(م، ع، ح)ە لەدایكبووی 1977، دانیشتوی قەزای ڕانیە و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.”