ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆ لەسەر گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبونەوەیەکی تایبەت بە پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ئەنجامدەدات، پێشبینی دەکرێت نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری هەریەکە لە ئیسرائیل و فەڵەستینیش ئامادەی کۆبونەوەکە بن.

ئەو کۆبونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای هەریەکە لە تونس، چین و نەرویج ئەنجامدەدرێت، کە پێشتر داوایانکردبوو ڕۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، بەڵام دواخرا بۆ ئەمڕۆ.

کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەکاتێکدایە، تەواوی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتنی ئەو دوو وڵاتە بە ڕێککەوتن و ڕاگرتنی هێرشەکانیان، شکستی هێناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە وڵاتانی عەرەبیی ناو ئەنجومەنی ئاسایش، بە سەرۆکایەتیی سعودیە کۆبوونەوە، “بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ شەممە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا و بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکی فەڵەستین، بایدن دڵنیایی داوەتە عەباس، لە هەوڵی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

هەروەها جۆ بایدن جەختیکردووەتەوە لە پێویستیی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

هەر ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی توندی خۆی دەربڕی سەبارەی بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەکی فەڵەستین کە دەیان کەناڵی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیی تێدابووە هەروەها بووەهۆی کوژرانی 10 کەسی یەک خێزان.

بابەتی پێشتر

نەتەنیاهو: گورزی كوشندەمان لە حەماس داوە

بابەتی دواتر

چەمچەماڵ.. كەسێك برایەكی خۆی كوشت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share