نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی مێژوویی تۆمارکرد

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی مێژوویی تۆمارکرد، پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکرێت.

ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە دوو هەزار و 374 دۆلار و یەک سەنت، ئەوەش بۆ چوارەم هەفتەیە لەسەر یەک بەرزبوونەوە تۆماردەکات.

لە هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبووەوە، ئەدیب غەریب، لە زەڕەنگەری لالە لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، شەوی رابردوو نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی تۆمارکرد کە نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە جۆرێک بەرزبووەوە 500 هەزار دیناری تێپەڕاند و ئەمڕۆش بە 485 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

وتیشی، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18 بە 415 هەزار دینار دەفرۆشرێت، لیرەی تورکیش بە 500 دۆلار مامەڵەی دەکرێت.

لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی زێڕ ئەدیب غەریب رایگەیاند، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، و یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەمریکا دۆلارێکی زۆری چاپکردووە و کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا چین و هیندستان نزیکەی 20 تۆن ئاڵتونیان کڕی، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ هەبوو، پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکرێت.

 

 

بابەتی پێشتر

چەند وڵاتێک گەشتی ئاسمانییان لەگەڵ ئێران راگرت

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: سبەینێ ئەگەری بارانبارین هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share