حكومەتی عێراق تانە لە زیاتر لە 5 ماددەی یاسای بودجە دەدات

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایدەكات، حكومەت داوایەكی تانەدانی خستووەتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر زیاتر لە پێنج ماددەی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021.

عەلی سەعدون لامی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، حكومەت تانەی لە پێنج ماددەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی خستووەتە بەردەم دادگای باڵا، كە چاوەڕواندەكرێت لە ماوەی ئایندەدا دادگاكە چاوی پێدابخشێنێت.

ئەوەشی وت، تانەدانەكەی حكومەتی عێراق نابێتە هۆی پەكخستنی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتی، كە وەزارەتی دارایی دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی.

لامی دوپاتیشیكردەوە، ئەو ماددانەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە زیادكراون، لەلایەن حكومەتەوە تانەیان لەسەر دراوە و ناڕەزایی لەبارەوە هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە، تانەكان لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پەسەنددەكرێت، بەهۆی ئەوەی دەستور دەسەڵاتی گواستنەوەی ماددەكانی یاسای بودجەی بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە، جگە لەو پرسانەی تێچووی داراییان هەیە، كە پێویست دەكات پێشتر ڕەزامەندیی حكومەت وەربگیرێت.

لەمیانەی پەسەندكردنی یاسای بودجەدا، ئەنجومەنی نوێنەران خەرجیی گشتیی لە 163 ترلیۆن دینارەوە بۆ 130 تریلیۆن كەمكردەوە، سەرەڕای چەندین دەستكاری و گۆڕانكاریی دیكە لەلایەن لیژنەی داراییەوە.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانیدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی دەستكراوە كرد لە پێشكەشكردنی تانە بۆ بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر یاسای بودجە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بازرگانی: لە ڕەمەزاندا زیاتر لە 34 هەزار تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەرداگیراوە

بابەتی دواتر

لاوتارۆ (نەخێر)ی بۆ زەبەلاحەکانی ئیسپانیا کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share