وەزارەتی شارەوانی: بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار چەند پرۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێدەکرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەبڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر چەند پرۆژەیەکی جۆراوجۆر لە قیرتاوکردن، نۆژەنکردنەوە و ئاوەڕۆ جێبەجێدەکات. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لە قۆناغی یەكەمدا بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیار دینار چەندین پرۆژەی هەمەجۆری نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بەبڕی یەک ملیار دینار.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆژەکانی قۆناغی یەکەم لەسەر داهاتی 15%ی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێدەکرێت.

پرۆژەکان لە گەڕەكەكانی، فەرمانبەران، ڕۆشنبیری، ژیان، هەولێری نوێ، سێبەردان و چەند گەڕەكێكی دیكە لە بواری چاككردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، دروستكردنی شەقامی نوێ، قیڕتاوكردن، سێكتەری ئاوەڕۆ و كربستۆن و چەند جۆرێكەی دیكەی پرۆژە جێبەجێ دەكرێن، كە ئەم گەڕەكانە بەشێكی گەورەی شاری هەولێر پێكدەهێنن و زۆرترین دانیشتووانی هەولێر تێیاندا نیشتەجێن.

ڕاشیگەیاندووە، سەرەڕای ئەم پرۆژانە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دینار چەندین پرۆژەی هەمەجۆری دیكە لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر لە چەند گەڕەکێکی ناو شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.

بابەتی پێشتر

دوو شای بێ شانشین.. نێیمار و کریستیانۆ، یوڤی و پاریس بەرەوکوێ؟

بابەتی دواتر

ناوتۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دەستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share