نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تارانی پایتەختی ئێران ڕایگەیاند، “هەواڵی بەشداریکردنی دژە تیرۆر لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا دروستکراوە و هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە”.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر لەوە چاوکراوەترە، کە کورد بەشداری کوشتنی قاسم سولەیمانی کردبێت و تا ئێستا نەیزانیبێت یان قسەی نەکردبێت، بەڵکو ئێران خۆشی دەزانێت کە دۆستایەتیان لەگەڵ یەکێتی و هەرێمی کوردستان بەم جۆرە هەواڵانە تێکنادرێت”.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ڕاشیگەیاند، “ساڵێک بەسەر کوشتنی حاجی قاسمدا تێپەڕیووە، ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاستبوایە ئەوا زووتر ئەم زانیارییەی دەزانی و پێشمان وایە هەر جوڵەیەکی سوپای ئەمریکا هێندە سادە و لاواز نییە متمانە بە پۆلیسێکی کورد بکات”.
نازم دەباغ ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمریکییەکان خۆشیان دەزانن، کە قاسم سولەیمانی و یەکێتی و مام جەلال دۆستایەتییەکەیان چەند قوڵبووە، ئایا دەکرێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەسانێکی وای تێدابێت دژی نزیکترین دۆست و هاوکارە مێژووییەکەی کاربکات”.