ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە ڕۆتیناتی وەڵامدانەوەی داواکاریی شارەوانی سلێمانی بۆ ئاودانی سەوزاییەکان، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە، بۆتە هۆی دواکەوتنی کاتی گونجاوی ئاودان لە شارەکەدا و ڕێکخراوەکان و شارەوانی سلێمانیش هۆشداری دەدەن.
بەپێی وتەی شارەوانی سلێمانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی وەزیران “کەمتەرخەمن لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکان بۆ دەستپێکردنی وەرزی ئاودان تا سەوزاییەکانی سلێمانی زەرد نەبن.
شارەوانیی سلێمانی داواکاری دەنێرێت و وەڵام نادرێتەوە
ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند “ساڵی ڕابردوو داواکاری بۆ دابینکردنی بڕی پارە بۆ ئاودانی سەوزاییەکان، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەڵام نەدرایەوە، ئەمساڵ لە کۆتایی مانگی نیسانەوە داواکاریمان ناردووە بۆ هەمان مەبەست تا ئێستا وەڵامی نەبووە”.
داواکاریی شارەوانیی سلێمانی بۆ دابینکردنی پارەی پێویستە تا لە ڕێگەی بەڵێندەرەکانەوە ئاوی سەوزاییەکانی شاری پێبدرێت، بەتایبەت بلوارەکانی ڕێگەی گەڕەکی ڕاپەڕین و بازنەی مەلیک مەحمود و پارکی هەواری شار.
بەپێی وتەی شارەوانیی سلێمانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داواکارییەکان نەداتەوە ئەوا شارەوانی و خێرخوازان ناتوانن ئاوی پێویست بۆ ئەو زۆنە سەوزانە دابین بکەن، چونکە شارەوانی و باخچەکان هەم تەنکەری پێویستیان نییە و هەم کرێکاریان کەمە تا بتوانن سەوزاییەکان کۆنترۆڵبکەن.
بەپێی زانیارییەکانی مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە، کە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای پشتڕاستکردووەتەوە، بۆ سەرجەم باخچە و بلوار و پاركانی سلێمانی تەنها 1443 كرێكار و كارمەند و ئەندازیاریان هەیە ، كە لە ناویاندا 776 باخەوان و چاودێر كارەكان دەكەن، ئەوانی تر كارمەند و ئەندازیار و بەشەكانی تری بەرێوەبەرایەتییەكەن.
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی باخچەكان، تەنها بلواری تاسڵوجە، سلێمانی 15 كیلۆمەترە و بلواری بازنەی مەلیك مەحموودیش 21 كیلۆمەترە، کە بەو ژمارە کرێکارە و ئەو توانایەی شارەوانی ناپارێزرێت.
ئایندەی سەوزاییەکان لە سلێمانی
لەساڵی 2008 ڕێژەی سەوزایی ناوشاری سلێمانی لە ٪1 بووە، تەنها 134 باخچە لە سنوری بەشی باخچەكاندا بونیان هەبووە، تا ساڵی 2018 رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی لەسەدا 18% تێپەراندووە و نزیک بۆتەوە لە 19% ئێستا نزیکەی 3 ملیۆنی درەختی تێپەڕاندووە.
بە پێی ئەو ئامارانەی لای ڕێکخراوی ئایندە هەیە لە ساڵانی 2016-2017 کۆمەڵێک كارەساتی ژینگەیی بەسەر باخچە و بلوار و پاركەكانی سلێمانیدا هاتووە و لەماوەی دوو ساڵدا 2 هەزار بنەدار وشکبوون.
بەهۆی بوونی دیاردەی سروشتی وشکەساڵییەوە، ئەمساڵ دەبێت زووتر دەست بە ئاودانی سەوزاییەکان بکرێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شارەوانیی سلێمانی دوابکەوێت، ئەوا ئایندەی سەوزاییەکانی سلێمانی تەنها زەرد بوون و پاشان وشکبوونە.