هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” کوژرانی 7 گەریلای لە ڕوبەڕوبوونەوەکانی ئاڤاشین لە سنوری نێوان هەرێم و تورکیا ڕاگەیاند و دەڵێت، تورکیا لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی گەریلاکانیان کردوون و گازی ژەهراوی بەکارهێناوە”.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ” ئەو گەریلایانە ماوەی 10 ڕۆژ بەرگریان کردووە و هێرشەکانی تورکیایان لەسەر ناوچەکە ڕاگرتووە و شکاندووە، بەڵام لە کۆتایدا بە هێزێکی گەورە شەهید بوون”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ” تورکیا لە ئاسمان و زەویەوە بە چەکی قوڕس سەنگەرەکانی ئەو گەریلایانەی دایە بەر بۆمب و چەکی قوڕس، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕێ قاڕەمانەکانمان لەبەرانبەر تەکنیک و رێبازە سەردەمیەکانی دوژمن،، بە وەستایەتیەکی گەورەوە شەڕیان کرد ، بەڵام کە دوژمن بێچارە بوو، بە گازی ژەهراوی بە دەیان جار سەنگەرەکانی شەڕی بۆردومان کرد و بەم شێوەیە هاوڕێکانمانی شەهید کرد”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە ئەو گەریلایانەی لە ڕوبەڕبوونەوەکانی ئاڤاشین کوژراون خەڵكی سێ پارچەی کوردستان و لە جۆلەمێرگ و شیرناخ و حەسەکە و قامشلۆ و کرماشانەوە، پەیوەندیان بە ڕیزەکانی گەریلاوە کردووە.