پێوەرەکانی باڵۆندۆر دوو یاریزان دەکاتە پاڵێوراوی سەرەکی

تۆپی ئاڵتونی 2021 لەنێوان لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی ئەرجەنتین و جۆرجینیۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یەکلاییدەبێتەوە.

لە ئێستاوە میدیاکانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەستیان بە بڵاوکردنەوەی بۆچوونی ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە وەرزشییەکان، هەروەها ڕاپۆرت و زانیاری لەبارەی خەڵاتی باڵۆندۆرەوە کردووە.

لە کۆتا لێدواندا ماوریزیۆ ساری ڕاهێنەری یانەی لازیۆ ڕایگەیاندووە، “دوای بەدەستهێنانی ناسناوی یورۆ، جۆرجینیۆ شایستەی خەڵاتی باڵۆندۆرە، چونکە یاریزانێکی پیشەوەری بەتوانایە و هەموو شتێک ئاساندەکات”.

جۆرجینیۆ پاڵێوراوە؟

بەپێی ماددەی نۆ لە لیستی ڕێساکانی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی تایبەت بە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، چوار پێوەری سەرەکی هەن بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ خەڵاتی باڵۆندۆر، ئەو پێوەرەناەش پێکهاتوون لە:

  1. ناسناوی بەکۆمەڵی بەدەستهێنابێت.
  2. بایەخی یاریزان لەڕووی یاری خاوێنەوە.
  3. کەسایەتی و کاریزمای هەبێت.
  4. هەگبەی وەرزشیی پڕ و تێروتەسەل بێت، واتا مێژووی هەبێت.

تۆڕی سکای سپۆرت لەبارەی پێوەرەکانەوە نوسیویەتی، جۆرجینیۆ هاوشانی مێسی بەپێی پێوەرەکان شایستەی ئەوەیە بۆ خەڵاتە جیهانییەکە کاندیدبکرێت، بەڵگەشیان بەوە هێناوەتەوە، لە تەمەنی 30 ساڵییەوە لەڕووی هونەرییەوە پێگەیشتووە، ناسناوی یوروپا لیگ، چەندین ناسناوی ناوخۆیی دیکە و لەم وەرزەشدا چامپیۆنزلیگ و یورۆی 2020ی بەدەستهێناوە.

لە یورۆ و چامپیۆنزلیگ، زۆرترین بەشداریکردووە، تۆپی پچڕاندووە، زۆرترینجار تۆپی گواستووەتەوە و زۆرترین ماوەش ڕایکردووە.

مێسی تاکە ڕکابەرە

بەپێی سەرچاوەکە، لە ئێستادا هیچ یاریزانێک ناتوانێت پێش جۆرجینیۆی ئیتاڵی بکەویت، مەگەر لیۆ مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین نەبێت، کە لەم وەرزەدا ناسناوەکانی جامی شای ئیسپانیا و کۆپا ئەمریکای بەدەستهێناوە.

سەرەڕای ئەوەی کریستیانۆ گۆڵکاری یورۆ و کالچیۆ بووە، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی ناسناوە بەکۆمەڵەکانەوە (تەنها کۆپا ئیتاڵیا)، پێناچێت پاڵێوراوی سەرەکی بێت.

هەروەها یاریزانانی دیکەی وەک پۆل پۆگبا، کیلیان مباپێ و نێیمار دا سیلڤا و ڕۆمێلو لوکاکۆ و کای هاڤێرتز، ئەگەر هەیە پاڵێوراوبن، بەڵام بەهۆی شکستیان لە یورۆی 2020 ئەگەری چنینەوەی خەڵاتەکە بۆ ئەوان زۆر لاوازە.

بابەتی پێشتر

چوارەم بۆندی پاریس پاڵەوانێكی ئەوروپایە

بابەتی دواتر

ڤیدیۆیەکی تۆڕی میدیایی ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن بینەری تێپەڕاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share