یۆرۆ نەیشن لیگ.. خولی نەتەوەکانی ئەوروپا (٢٠٢٠/٢١) گروپەکان، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە

خولی نەتەوەکانی ئەوروپا خولێکی نوێیە لە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا تەنها یەک کۆپی ئەنجامدراوە و هەڵبژاردەی پورتوگال هەڵگری نازناوەکە بوو، پاش ئەوەی لەیاریی کۆتاییدا بەسەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا سەرکەوت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لە ساڵانی ڕابردوودا بیریان کردەوە ململانێی دۆستانەی هەڵبژاردەکان بگەیەننە ئاستێکی باڵاتر، لەبری ئەوەی هەڵبژاردە نیشتیمانییەکانی ئەوروپا بە یارییە لاوەکی و دۆستانە و ئامادەکارییەکانەوە سەرقاڵبن، فیدراسیۆنەکە ئەمجۆرە خولەی هێنایەبوون، کە تیایدا هەڵبژاردەکان ئامادەکاری دەکەن و یاریی ئەنجام دەدەن و لەکۆتاییشدا نازناوێک دەچننەوە.

نەیشن لیگ” چییە؟

خولێکی ئەوروپییە، لەسەر ئاستی (٥٥) هەڵبژاردەی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت و سەرجەم وڵاتانی کیشوەرەکە بە هەڵبژاردەیەک، یاخود پێکهاتەیەک بەشداری تێدادەکەن.

هەڵبژاردەکان دابەشدەکرێن بەسەر چوار ئاستدا، ئاستی یەکەم ئەو هەڵبژاردانە لەخۆدەگرێت کە بەپێی ڕیزبەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا پلەی (١ تا ١٦)یان بەدەستهێناوە، ئاستی دووەم ئەو هەڵبژاردانە دەگرێتەوە کە پلەی (١٧ تا ٣٢)یان بەدەستهێناوە، ئاستی سێیەم ئەو هەڵبژاردانە دەگرێتەوە کە پلەی (٣٣ تا ٤٨)یان وەرگرتووە و ئاستی چوارەمیش ئەو هەڵبژاردانە دەگرێتەوە کە پلەی (٤٩ تا ٥٥) وەردەگرن.

ئاستەکان چۆن دابەش دەکرێن؟

هەر ئاستێک بەسەر چەند کۆمەڵەیەکدا دەبەش دەکرێن، ئاستی یەکەم پێکدێن لە چوار گروپ کە هەر گروپێک لە چوار هەڵبژاردە پێکهاتووە، واتا کۆی گشتی گروپەکان چوارە و (١٦) هەڵبژاردە تیایدا بەشدارە.

ئاستی دووەم و سێیەمیش بەهەمان شێوەی ئاستی یەکەم هەریەکەیان پێکدێت لە چوار گروپ، هەر گروپێک لە چوار هەڵبژاردە پێکهاتووە و کۆی گشتیان (١٦) هەڵبژاردەیە.

ئاستی چوارەم پێکهاتووە لە دوو گروپ، گروپی یەکەم لە چوار هەڵبژاردە و گروپی دووەم لە سێ هەڵبژاردە پێکهاتووە.

گروپەکانی وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ چۆن پێکهاتوون؟

ئاستی یەکەم
گروپی یەکەم: هۆڵەندا، ئیتاڵیا، بۆسنە و هێرزۆگۆڤینا، پۆڵەندا
گروپی دووەم: ئینگلتەرا، بەلجیکا، دانیمارک، ئایسلەندا
گروپی سێیەم: پورتوگال، فەرەنسا، سوید، کرواتیا
گروپی چوارەم: سویسرا، ئیسپانیا، ئۆکرانیا، ئەڵمانیا

ئاستی دووەم
گروپی یەکەم: نەمسا، نەرویج، ئێرلەندای باکور، ڕۆمانیا
گروپی دووەم: کۆماری چیک، سکۆتلەندا، سلۆڤاکیا، ئیسرائیل
گروپی سێیەم: ڕوسیا، سڕبیا، تورکیا، هەنگاریا
گروپی چوارەم: وێڵز، فنلەندا، کۆماری ئێرلەندا، بولگاریا

ئاستی سێیەم
گروپی یەکەم: مۆنتینیگرۆ، قوبرس، لۆکسمبۆرگ، ئەزەربەیجان
گروپی دووەم: جۆرجیا، مەقدۆنیای باکور، ئیستۆنیا، ئەرمینیا
گروپی سێیەم: یۆنان، کۆسۆڤۆ، سلۆڤینیا، مۆڵدۆڤا
گروپی چوارەم: ئەلبانیا، بیلاڕوسیا، لیتوانیا، کازاخستان

ئاستی چوارەم
گروپی یەکەم: دورگەکانی فارۆی، لاتڤیا، ئەندۆرا، ماڵتە
گروپی دووەم: گیبراڵتار، لیشتنشتاین، سان مارینۆ

خولەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
هەڵبژاردەکان هاوشێوەی خول لەهەر گروپێک بەشێوازی چوون و گەڕانەوە ڕووبەڕوی ڕکابەرانیان دەبنەوە، لە ئاستی یەکەم چوارینەی یەکەمی گروپەکان دەگەنە قۆناغی نیوەی کۆتایی و براوەیان یاریی کۆتایی ئەنجامدەدات، دۆڕاوەکانیش یاریی پلەی سێیەم و چوارەم ئەنجام دەدەن.

یەکەمی گروپەکانی (ئاستی دووەم، سێیەم و چوارەم) بەرزدەکرێنەوە، بۆنمونە: یەکەمی ئاستی دووەم بەرزدەکرێتەوە بۆ ئاستی یەکەم و ئاستەکانی سێیەم و چوارەم بەهەمان شێوە.

هەروەها ئەو هەڵبژاردانەش کە لە ئاستی یەکەم و دووەم و سێیەم دەکەونە پلەکانی کۆتاییەوە دادەبەزێنرێن بۆ ئاستەکانی دواتر، واتا کۆتا هەڵبژاردەی ئاستی یەکەم بۆ ئاستی دووەم دادەبەزێت و بەهەمان شێوە بۆ کۆتا هەڵبژاردەی ئاستی دووەم.


یارییەکان کەی ئەنجام دەدرێن؟

ڕووبەڕوبونەوەکان بەگشتی لە ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە کاتژمێرەکانی (٥ و ٦ و ١٠:٤٥) بەکاتی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

٣ بۆ ٥ – مانگی نۆ – ٢٠٢٠

٦ بۆ ٨ مانگی نۆ – ٢٠٢٠

٨ – ١٠ مانگی ١٠ – ٢٠٢٠

١١ بۆ ١٣ – مانگی ١٠ – ٢٠٢٠

١٢ بۆ ١٤ مانگی ١١ – ٢٠٢٠

١٥ – ١٧ مانگی ١١ – ٢٠٢٠

یارییە کۆتاییەکان: ٢ – ٣ – ٦ – مانگی شەش – ٢٠٢١

پلەی ئۆف: ٢٤ – ٢٥ – ٢٨ – ٢٩ مانگی سێ – ٢٠٢٢

بابەتی پێشتر

زیانەکانی کۆرۆنا.. تۆپی پێی ئەوروپا لە ئیفلیجبوونەوە بۆ مایەپوچبوون هەنگاو دەنێت

بابەتی دواتر

(١٢) فیلمی دوکۆمێنتاری تۆپی پێ، یاریدەدەرت دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و بێزاری کەرەنتین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share