کامیان باشترن؟ کریستیانۆ ئەم وەرزە بەسەر مێسیدا سەرکەوتووە

بەراوردی ژمارەیی نێوان مێسی و کریستیانۆ باڵادەستی پۆرتوگالییەکە دەردەکات

لیۆ میسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەو دوو ئەستێرەیەی ماوەی نۆ ساڵ لە خولی ئیسپانیا کێبڕکێیان کرد و زۆرترین خەڵاتی باڵۆندۆر و باشترینەکانیان خستە هەگبەی دەستکەوتەکانیانەوە.

بڕیارە ئەمشەو، سێشەممە لە یاریگای کامپ نو دوو ئەفسانە زیندووەکە بۆ یەکەمجار لەدوای ماڵئاواییکردنی کریستیانۆ لە یانەی شاهانەی مەدرید بەدرێسی یانەکانی یوڤانتۆس و بەرشلۆنە، لە چوارچێوەی کێبڕکێکانی گەڕی شەشەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ڕوبەڕوببنەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی یارییەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروستناکات و دوو یانەی بارسا و یوڤی پێشوەخت سەرکەوتنیان مسۆگەرکردووە، بەڵام بۆ مێسی و کریستیانۆ تاموچیژێکی تایبەتی هەیە.

کریستیانۆ بە تۆماری 132 گۆڵەوە گۆڵکاری مێژوویی خولە ئەوروپیەکەیە و لیۆ بە 118 گۆڵەوە لە پلەی دووەمدایە، پلەکانی سێیەم و چوارەمیش بۆ ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی و ڕائول گۆنزالێسە بە 71 گۆڵ.

لەم وەرزەدا کامیان باشتربوون؟

لەم وەرزەدا کریستیانۆ نۆ یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان ئەنجامداوە (740 خولەک)، توانیویەتی 10 گۆڵ تۆماربکات، بە نێوەندی ڕێژەی زیاتر لە گۆڵێک بۆ هەر یارییەک، هەروەها گۆڵێکی ڕەخساندووە.

دۆنی پۆرتوگال لەم وەرزەدا بەشداری پێنج یاری نەکردووە، چواریان بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و یارییەکیش حەوانەوەی پێدراوە، بەرانبەر یانەی ناپۆلیش یارینەکردووە بەهۆی کشانەوەی یانە شینەکەی ئیتاڵیا.

لە بەرانبەردا مێسی بەشداری 13 یاریکردووە (1124) خولەک، حەوت گۆڵی تۆمارکردووە بە نێوەندی ڕێژەی 0.53ی گۆڵێک لەهەر یارییەکدا و چوار گۆڵی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساندووە.

پوڵگا بە مەبەستی حەوانەوە بەشداری دوو کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی یانە کەتەلۆنیەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکان نەکردووە، کۆی ژمارەکان دەریدەخەن کریستیانۆ باشتر دەرکەوتووە.

لالیگا

کریستیانۆ شەش یاری کالچیۆی کردووە، پێنج یاری سەرەکی و یارییەک یەدەگ بووە، ڕێژەی بەشداریکردنی 78 خولەک بووە لەهەر یارییەکدا، هەشت گۆڵی تۆمارکردووە.

نێوەندی ڕێژەی تۆمارکردنی گۆڵی پۆرتوگالیەکە بۆ هەر 53 خولەک گۆڵێک بووە، واتا هەر یارییەک 1.3 گۆڵ، هەشت گۆڵەکەشی بە 19 هەوڵدان لەناو ناوچەی سزا تۆمارکردووە، 10 لێدانی بۆ دەرەوەی گۆڵ بووە و حەوت گۆڵی بە پێی ڕاست و گۆڵێکی بە لێدانی سەر تۆمارکردووە.

مێسی 10 یاری لالیگای کردووە، نۆ یاری سەرەکی و یارییەک یەدەگ بووە، ڕێژەی بەشداریکردنی 86 خولەکە لە هەر یارییەکدا، تەنها چوار گۆڵی تۆمارکردووە.

نێوەندی ڕێژەی تۆمارکردنی گۆڵی ئەرجەنتینیەکە بۆ هەر 214 خولەکێک گۆڵێک بووە، واتا هەر یارییەک 0.4ی گۆڵێک.

لە کۆی چوار گۆڵ، سێ گۆڵی جادوگەرەکەی ئەرجەنتین لەناو ناوچەی سزا بووە بە 23 هەوڵدان، گۆڵێکیش لە دەرەوەی ناوچەی سزا بە 26 هەوڵدان، کۆی گۆڵەکانیش بە پێی چەپ تۆمارکراون.

بەپێی داتا هێرشبەرییەکان، دۆن کریستیانۆ لە هەر یارییەکدا نێوەندی ڕێژەی 3.5 شووت ئاڕاستەی گۆڵی ڕکابەران دەکات و دوو هەلی گۆڵکردنی لەدەستداوە، مێسی 3.4 شووتی بۆ هەر یارییەک ئاڕاستەکردووە و سێ هەلی گۆڵکردنی لەدەستواە.

کریستیانۆ دوو لێدانی سزای بەسەرکەوتوویی جێبەجێکردووە لەگەڵ سێ لێدانی ڕاستەوخۆ کە لەهەر سێکیاندا شکستیهێناوە، مێسی دوو لێدانی سزای بەسەرکەوتوویی ئاڕاستەکردووە لەگەڵ 14 لێدانی ڕاستەوخۆ، هیچکام لە لێدانە ڕاستەوخۆکان گۆڵی پێتۆمارنەکراوە.

چامپیۆنزلیگ

ئەفسانەکەی یوڤی سێ یاری چامپیۆنزلیگی کردووە (سێ یاری تەواو)، تۆمارکەری دوو گۆڵ و ڕەخسێنەری گۆڵێک بووە، لە بەرانبەردا مێسی سێ یاریکردووە و سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵیشی ڕەخساندووە.

کریس لە هەر 153 خولەکێکدا گۆڵێک لە خولە ئەوروپیەکە تۆماردەکات بە نێوەندی ڕێژەی 0.7ی گۆڵێک بۆ هەر یارییەک، بەڵام مێسی لە هەر 90 خولەکێکدا گۆڵێک تۆماردەکات بە نێوەندی ڕێژەی گۆڵێک لەهەر یارییەکدا.

دۆن نێوەندی 2.7 شووتی لەهەر یارییەکدا ئاڕاستەی گۆڵی ڕکابەران کردووە و دوو هەلی گۆڵکردنی لەدەستداوە، مێسی 4.3 شووتی ئاڕاستەکردووە و هیچ چانسێکی تۆماری گۆڵی لەدەستنەداوە.

کریستیانۆ هیچ گۆڵێکی بە پەناڵتی تۆمارنەکردووە، دوو لێدانی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەکردووە و سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام مێسی هەر سێ گۆڵەکەی بە لێدانی پەناڵتی و بە ڕێژەی لەسەدا سەد سەرکەوتوویی تۆمارکردووە، پێنج لێدانی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەکردووە و لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووە.

بابەتی پێشتر

پلان (B) پاریس.. ئەگەر گواستنەوەی مێسی سەرنەگرێت ڕوودەکەنە ئیتاڵیا

بابەتی دواتر

هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا لە بەریتانیا دەستپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share