هەواڵی پەسەندكردنی سزای چالاكوانانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە ڕەتدەكرێتەوە

دەستگیركراوانی بادینان

پارێزەرێكی دۆسیەی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان ڕەتیدەكاتەوە، سزادانی پێنج چالاكوانەكە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بڕیاری كۆتایی لەسەر درابێت.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەمڕۆ وەك دوو تیمی پارێزەران سەردانی هەریەك لە دادگای پێداچوونەوە و دادگای تاوانی دووی هەولێرمان كرد.

وتیشی، “تا ئەمڕۆ بە فەرمی هیچ بڕیارێك لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە دەرهەق بە پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان دەرنەچووە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لەلایەن هەندێك لە میدیا و چالاكوانانەوە بڵاوكرایەوە كە دادگای پێداچوونەوە سزای زیندانیكردنی پێنج چالاكوانەكەی بادینانی پەسەندكردووە.

پارێزەری دۆسیەكە سەرسامی خۆیشی نیشاندا لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە و هۆكار و سەرچاوەكەی.

دوای ئەوەی لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگری داوای پێداچوونەوە (تەممیز)ی بڕیارەكەیان كرد.

جگە لەو دەستگیركراوانەی بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە، ژمارەیەك دەستگیركراوی دیكەی بادینان لە بەندینخانەكاندان و دۆسیەكانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتێک لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە بڵاودەکاتەوە

هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و رۆژنامەنوسان پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بوو كە لە 19ی ئابی 2020 لە زاخۆ ئەنجامدرا و دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا رویدا.

زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان روبەڕووكراوەتەوە، لەنێویاندا پێنج كەسیان لە ناوەڕاستی شوباتی رابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران و لەئێستاشدا بڕیارەكە لە بەردەم پێداچوونەوەدایە.

لەماوەی رابردوودا چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوو، هەروەها ژمارەیەك رێكخراوی جیهانی راپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردوەتەوە، جگە لە هەوڵ و فشاری كونسوڵی وڵاتان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا سزای سزادراوان هەڵوەشێنێتەوە.

لە 19ی شوباتی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركراوان بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “لە نزیكەوە چاودێریی دەستگیركردنەكانی ئەمدواییانەی رۆژنامەنوس و چالاكوانان و دادگاییكردنیانمان كرد. ئەمریكا بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی ئازادیی بیروڕا، لەنێویشیاندا ئازادیی بیروڕای رۆژنامەنووسان و ئەمریكا لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوام دەبێت”.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا دوپاتیشیكردووەتەوە، “كۆمەڵگە دیموكراتەكان، رێز لە ئازادیی بیروڕا دەگرن و پشتیوانی لە توانای رۆژنامەنوسان دەكەن لەپێناو گواستنەوەی هەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەسەندنەوە”.

لای خۆیەوە رێكخراوی CPT، كە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایش ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەشنەکرد کە تۆمەتەکانیان بۆ چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت.

دەشڵێت، “ئەندامانی تیمی CPT بەقوڵی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەم پڕۆسەیە کە تیایدا مافە مەدەنی و سەرەتاییەکان بە ئامانج دەگیرێن و دەبنە ھۆی تێکدانی ژیانی ئەوانەی کە راستییەکان ئاشکرادەکەن و بەڕووی توندوتیژیدا دەوەستنەوە”.

داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، دەستبەجێ (بەدەل بەرواری، ئومێد بەڕوشکی، ئەیاز کەرەم، گوهدار زێباری، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) لە زیندان ئازادبکات.

بابەتی پێشتر

حكومەتی هەرێم كرێی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی كەمكردەوە

بابەتی دواتر

پاسەوانی سنوور چوار بنكەی سەربازی لە كانی ماسێ دادەمەزرێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share