(١٠) زۆرانباز لەمێژووی (WWE) زۆرترین موچە و داهاتیان بەدەستهێناوە

زۆرانبازی سەربەستی ئەمریکا یەکێکە لە وەرزشە جێژبەخشەکان و زۆرانبازان بە نمایشەکانیان ملیۆنان هەوادارانیان سەرسامکردووە.

(WWE) ڕێکخراو و کۆمپانیایەکی وەرزشیی ئەمریکییە بۆ چێژبەخشینی تەلەڤیزیۆنی، لەئێستادا نمایشەکانیان بەشێوازی خێزانی پێشکەشدەکەن و ئەندامانی خێزانێک لە منداڵەوە بۆ گەورە دەتوانن بینەریبن.

سەرەڕای ئەوەی هاندەران بە پەرۆش و حەماسەوە دەچنە یاریگا بۆ بینینی زۆرانبازان لەناو حەلەبەی یاریکردن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە جموجۆڵەکان پلانبۆداڕێژراوە و دوورن لە ڕاستییەوە، پێشوەخت ئامادەکارییان بۆ کراوە و هاوشێوەی ئەڵقەیەکی تەلەڤیزیۆنی بەچاوی بینەراندا دەدرێتەوە.

بەهێزی جەستە و گەورەیی ماسولکەی زۆرانبازان سەرنجی هۆلیودیان ڕاکێشاوە، هەندێک لە زۆرانبازەکان هەنگاوی زیاتر دەنێن و بە پلەی بەرزتر لە (WWE) دەگەن، بەشداری فیلمە بیانییەکان دەکەن، ڕۆڵی کەسانی بوێر و شەڕانگێزیان پێدەدرێت لەهەمان کاتدا.

هەندێکیش لە زۆرانبازانی هاوشێوەی “سی ئێم پۆنک” و برۆک لیسنەر لە بوارە جەنگییەکانی دیکەی وەک (UFC) و (MMA) خۆیان گرتووەتەوە و بەشداری ڕووبەڕوبونەوەی هونەری جەنگی ڕاستەقینەیان کردووە.

بەهەرحاڵ، یاریکردن یان نمایشی زۆرانبازان بێبەرانبەر نییە، بەڵکو هەندێکیان بەهۆی ناوازەیی نمایشەکانیان، جوانی ڕوخسار و جەستەیان کاریگەری زیاتریان دروستکردووە و توانیویانە بە بوارەکانی زۆرانبازی و هۆلیود و چەندین ڕێگەی بازرگانی دیکە ملیۆنان دۆلار کۆبکەنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا، دواین جۆنسن ناسراو بە “زە ڕۆک” سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە هەرە ناودارترین زۆرانبازەکان، توانیویەتی لە بواری نواندن لە هۆلیود ببێتە خاوەن زۆرترین داهات کە بڕەکەی بە (٨٠) ملیۆن یورۆ خەمڵێنراوە.

ئەمانەی خوارەوەش لسیتی ئەو (١٠) زۆرانبازەن کە لە مێژوویاندا زۆرترین داهاتیان بەدەستهێناوە:

١٠ . میک فولی (١٢٩) ملیۆن یورۆ: فولی ئەندامی “هۆڵ ئۆف فەیم” و چوارجار پاڵەوانی جیهان بووە.

٩. کریس جێریکۆ (١٥.٥) ملیۆن: لە ساڵی ٢٠٠١ بووە پاڵەوانی نەدۆڕاوی (WWF)، لەئێستادا لە ژاپۆن نمایشدەکات.

٨. بیگ شۆو (١٧.٢) ملیۆن: توانیویەتی لەهەردوو بواری (WWE) و (WCW) پشتێنی پاڵەوان بەدەستبهێنێت، لەچەندین پڕۆگرامی تەلەڤیزیۆنیدا بەشداریکردووە.

٧. برۆک لیسنەر (٢١.٢) ملیۆن: ساڵی ٢٠٠٢ لەتەمەنی ٢٥ ساڵیدا گەنجترین زۆرانبازی بواری (WWE) بوو، لە بواری (UFC) بەهەمان شێوە بەشداریکردووە.

٦. کورت ئەینگل (٢١.٢) ملیۆن: لە ساڵی ١٩٩٦ میدالیای ئاڵتونی ئۆڵۆمپیادی لە بواری زۆرانبازی بەدەستهێناوە، یەکێکبووە لە ناودارترین نمایشکارانی بواری (WWE) و چەندین پشتێنی بردووەتەوە.

٥. هوڵک هۆگان (٢٢.٣) ملیۆن: ١٢ جار پاڵەوانی جیهان بووە، ئایکۆنێکی مێژوویی بواری (WWE)یە و لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو نمایشیکردووە، لەچەندین نمایشی تەلەڤیزیۆنی و فیلمدا بەشداریکردووە، بۆنمونە فیلمی ڕۆکی دوو.

٤. تریپڵ ئێچ (٣٤.٩) ملیۆن: دوو نازناوی ڕۆیاڵ ڕامبڵی بەدەستهێناوە، (٢٥) نازناوی چامپیۆنشیپی هەبووە، لە ساڵی ٢٠١١ بووە بەڕێوەبەری گشتی نمایشەکانی کۆمپانیای (WWE).

٣. ستیڤ ئۆستن (٣٩.٢) ملیۆن: بە “ستۆن کۆڵد” ناسراوە و یەکێکە لە ئەفسانەکانی بواری (WWE)، شەش جار پاڵەوانی بوارەکە و دوو نازناوی ئینتەرکۆنتێنتاڵ و سێ پشتێنی پاڵەوانی (WWE) هەیە، لەچەندین فیلمی بیانیدا ڕۆڵی سەرەکی و لاوەکی گێڕاوە.

٢. جۆن سینا (٤٧.٩) ملیۆن: لەژیانی وەرزشییدا ١٦ نازناوی (WWE) بەدەستهێناوە، لە بواری نوان لە هۆلیود جێگەی خۆیی کردووەتەوە و جگە لەوەش ڕاپەرێکی ناوازەیە، لە فیلمی ناوداری “فاست ئەند فیوریس ٩” بەشداریکردووە.

١. دواین جۆنسن (٢٢٣) ملیۆن: بە “زە ڕۆک” ناسراوە، لە ساڵی ٢٠١٩ بەفەرمی وازهێنانی لە بواری (WWE) ڕاگەیاند دوای ئەوەی ١٠ نازناوی جامی جیهانی بەدەستهێنا، لەئێستادا ئەکتەرێکی ناوداری ئەمریکا و جیهانە و بەپێی داتاکانی فۆربس، تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ لەڕێگەی نواندن لە هۆلیودەوە بڕی (٨٠) ملیۆن یورۆی بەدەستهێناوە و بووە بە گرانبەهاترین ئەکتەری ئەمریکا.

بابەتی پێشتر

لایەنی تاریک و نەناسراوی ژیانی یاریزانان لە فێدرەر و کریستیانۆوە بۆ سیرینا و ئینێستا

بابەتی دواتر

میگێل گوتیرێز کێیە؟ مەعشوقی زێدانە و لە پێکهاتەی ڕیاڵ مەدرید ناونوسکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share