پێش چاڤی حەوت ڕاهێنەر گەڕانەوە بۆ یانەکانی پێشوویان، ئایا سەرکەوتوو بوون؟

گەڕانەوەی چاڤی هێرناندێز لە یانەی سەددی قەتەریەوە بۆ یانەی بەرشلۆنە بووە بە بابەتی ڕۆژ و سەرچاوەکانی کەتەلۆنیا پێیان وایە، بەم نزیکانە مایسترۆ دەگەڕێتەوە و جێگەی ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی دەگرێتەوە.

چاڤی لەدوای دوورکەوتنەوەی لەڕیزەکانی بارسا، وەک یاریزانێکی بەتەمەن بۆندی لەگەڵ یانەی سەددی قەتەری واژوو کرد، ماوەی سێ وەرز درێسی یانە عەرەبیەکەی پۆشی و لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٩وە پاڵپشت بەو ئەزمونە زۆرەی کۆیکردۆتەوە بووە ڕاهێنەری هەمان یانە.

ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، بەڕێوەبەرانی یانەی بەرشلۆنە هیچ هیوایەکیان بە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی نەماوە و هەموو هەوڵێک دەدەن بە زووترین کات لە وادەی گواستنەوەکانی زستانەی ٢٠٢٠وە چاڤی مایسترۆی پێشووی یانەکەیان وەک ڕاهێنەر بگەڕێینەوە بۆ خولی ئیسپانیا، ئەم هەنگاوەش داهاتووی دیارنییە و نازانرێت ئایا ئەفسانەکە لە بواری ڕاهێنان لەگەڵ یانەیەکی گەورە سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟

ڕۆژنامەکە بۆ ئەم مەبەستە نموونە بە چەندین ڕاهێنەری دیکە دەهێنێتەوە، کە لەپێشوودا هاوشێوەی چاڤی وەک ڕاهێنەر گەڕاونەتەوە بۆ یانەکانیان، ئەمەش ئەو ڕاهێنەرانەن:

. پیپ گواردیۆلا (بەرشلۆنە): ساڵی ٢٠٠١ بەرشلۆنەی بەجێهێشت و لە ٢٠٠٧ وەک ڕاهێنەری یانە گەڕایەوە، لەماوەی چوار وەرزی ڕاهێنانیدا بۆ یانە ئیسپانیەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ١٤ نازناوی چنییەوە کە دووانیان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و سیانیان خولی ناوخۆی ئیسپانیا بوون.

. زینەدین زێدان (ڕیاڵ مەدرید): وەک ئەفسانەیەک لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ وازهێنانی ڕاگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦ وەک شوێنگرەوەی ڕافائێل بینیتێزی ڕاهێنەر گەڕایەوە، لەماوەی چەند وەرزێکدا سێ نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی بەدەستهێنا هاوشانی چەندین نازناوی دیکە.

. ئەنتۆنیۆ کۆنتی (یوڤانتۆس): ١٣ وەرزی وەک یاریزان لەیانەی یوڤانتۆس بەڕێکرد، پێنج نازناوی خولی ناوخۆ و جامی ئیتاڵیا و خولی یانە پاڵەوانەکان و جامی یەکێتی یانەکانی ئیتاڵیای بەدەستهێنا، دواتر وەک ڕاهێنەر گەڕایەوە و سێ نازناوی سکۆدیتۆی لەسەریەک بۆ بیانکۆنێری بەدەستهێنا، لەم وەرزەدا ڕاهێنەری یانەی ئینتەرمیلانە و تا ئێستا ئاستێكی ناوازەی پێشکەش کردووە.

. ڕۆبێرتۆ دی ماتیۆ (چێڵسی): لە ساڵی ٢٠١٢ جێگەی ئەندرێ ڤیلاس بواسی پورتوگالی گرتەوە، نازناوی جامی یەکێتی یانە ئینگلیزیەکانی بەدەستهێنا، هەروەها یەکەمین نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی بۆ بلوزی لەندەن مسۆگەر کرد.

. ئالان شیرەر (نیوکاسڵ): ئەفسانەی نیوکاسڵ پاش مێژووییەک لە یانە ئینگلیزیەکە لەساڵی ٢٠٠٩ وەک ڕاهێنەر گەڕایەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە پارێزگاریکردن لەپێگەی یانەکەی لە خولی نایابی ئینگلیزی.

. فیلیپۆ ئینزاگی (میلان): وەک یاریزان لە میلان مێژووی تۆمارکرد، لە ساڵی ٢٠١٤ وەک ڕاهێنەری کاتیی گەڕایەوە یانە لۆمپاردییەکە، لەکۆی ٤٠ یاریی تەنها ١٤ بردنەوەی بەدەستهێنا و لەکارەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

. تێری هێنری (مۆناکۆ): ئاسکەکەی فەرەنسا وەک یاریزانی یانەکانی مۆناکۆ و ئارسیناڵ و بەرشلۆنە مێژووی تۆمار کرد، بەڵام وەک ڕاهێنەر تەنها یاریدەدەری ڕاهێنەری بەلجیکا بووە و دواتر پەیوەندی بە یانەی مۆناکۆوە کردەوە، لەکۆی ٢٠ یاریی ١١ ڕووبەڕوبونەوەی دۆڕاند و لیۆناردۆ جاردیم جێگەی گرتەوە، لەگەڵ یانەکەی پێشووی سەرکەوتوو نەبوو.

بابەتی پێشتر

بۆلودا کێیە و چی پێدەکرێت؟ ئەو ملیاردێرەی چاوی بڕیوەتە کورسی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

هەشت یاریزانی ناودار... خێزانەکانیان دەوڵەمەند بوون و پرۆفیشناڵبوون ژیانی نەگۆڕین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share