(10) لێدوان بۆ مێژوو.. ئەفسانەکانی تۆپی پێ لەبارەی مارادۆناوە چی دەڵێن؟

دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەی ئەرجەنتین و جیهان شەوی چوارشەممەی ڕابردوو (25/11/2020) لە نەخۆشخانە بە جەڵتەی دڵ گیانی سپارد.

ئەفسانە جیهانییەکە لە تەمەنی 60 ساڵیدا بەهۆی کێشە تەندروستیەکانیەوە دەیناڵاند، دوو هەفتە لەمەوبەر نەشتەرگەری لە کەللەسەریدا بۆکرا و دوای ئاساییبوونەوەی تەندروستیی ڕەوانەی ماڵەکەی کرایەوە، بەڵام دووبارە تەندروستی تێکچوو و شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەک لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

مارادۆنا تەنها یاریزانێک نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەکی ناوازە و سەرکێشبوو، لەناو یاریگا و لەسەردەمی خۆیدا هاوتای نەبووە، زۆرینەی ناودارانی بوارەکە وەک ئەفسانەی یەکەم لێی دەڕوانن و هەریەکێک لە کەسایەتییەکان بۆچوونیان لەبارەیەوە ناوازە بووە.

ئەمەی خوارەوە بۆچوون و لێدوانی ناودارانە لە بارەی ئەفسانە کۆچکردووەکەوە..

لیۆنێل مێسی

“ئەگەر ملیۆنێک ساڵی دیکەش یاریبکەم لە مارادۆنا نزیک نابمەوە، نامەوێت بەو پێگەیە بگەم، چونکە هاونیشتیمانەکەم مەزنترینی مێژووە”.

میشێل پلاتینی

” ئەوەی زێدان بە تۆپەوە پێیدەکرێت، مارادۆنا بە پرتەقاڵێک دەتوانێت بیکات”.

فابیۆ کاناڤارۆ

” مارادۆنا خوداوەندی گەلی ناپۆلییە، مێژووی 80 ساڵی تۆپی پێی شارەکەی گۆڕی، هەمیشە بەدەست لاوازی ئاست و ترسی دابەزینەوە دەمانناڵاند، بەڵام لە حەوت وەرزی سەردەمی ئەفسانە دوو نازناوی خولی ناوخۆ، جامی یەکێتی یانەکانی ئەوروپا، جامی ئیتاڵیامان دووجار بەدەستهێنا، سەرسامم پێی، ژیان و یاریکردنم لەگەڵیدا باوەڕپێنەکراوبوو”.

گاری لینیکەر

“کاتێک دیێگۆ گۆڵی دووەمی بەرانبەرمان تۆمارکرد (ئینگلتەرا)، حەزمدەکرد چەپڵەی بۆ لێبدەم، هەرگیز بۆ ڕکابەرێک ئەو هەستەم نەبووە، ئەوە ڕاستییە کە پێتاندەڵێم، نەک لەبەرئەوەی یارییەکی گرنگ بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی مەحاڵبوو گۆڵێكی ناوازە بەو شێویە تۆماربکرێت، ئەو باشترینی هەموو سەردەمەکانە و دیاردەیەکی ڕاستەقینەیە”.

جوزێ مۆرینیۆ

” کاتێک مارادۆنا تۆپ لەنێوان پێیەکانی دەبێت، نازانیت هێرش لە کوێوە دەستپێدەکات و بە چی کۆتاییدێت”.

ئیریک کانتۆنا

” هەندێک دەڵێن پیلێ باشترین یاریزانی مێژووە، بەڵام من پێموایە مارادۆنا هەمیشە مەزنترین دەبێت، نازناوی مۆندیالی 1986ی بەدەستهێنا و 1990 بە زەحمەت پاڵەوانێتیەکەی دۆڕاند، ئەگەر دوورنەخرایەتەوە ڕەنگبوو 1994 ببێتەوە بە پاڵەوان، جیاوازی بنەڕەتی نێوان مارادۆنا و پیلێ ئەوەیە کە مارادۆنا بە یاریزانی بەهێز چواردەوری نەگیرابوو و قورسایی پێکهاتەکەی دەخستە سەر شانەکانی خۆی، ئەگەر مارادۆنامان لە پێکهاتەی ئەرجەنتین دەربکردایە هەرگیز نەیاندەتوانی نازناوی مۆندیال بەدەستبهێنن، بەڵام بەرازیل بەبێ پێلێش دەیتوانی ببێتە پاڵەوانی جیهان”.

سێر بۆبی ڕۆبسۆن

” بلیمەت، هونەرمەندی ڕاستەقینە، یەکێک لە مەزنترین یاریزانەکانی جیهان، بەتەنها دەتوانێت یارییەکان بباتەوە”.

ڕود گولیێت

” باشترینی بێڕکابەرە، لە پیلێ باشترە، کاتێک لە ئیتاڵیا بوو هەفتانە بە وردی چاودێریم دەکرد، ئاستی لە ئاستی یاریزانانی دیکە جیاوازبوو، هەندێک لەو کارانەی کردوونی باوەڕپێنەکراون، دەیتوانی بە سەیرکردنێک کۆنتڕۆڵی تۆپ بکات”.

پاولۆ ماڵدینی

“مارادۆنا تەنها باشترینی مێژوو نەبوو، بەڵکو ڕاستگۆترین بوو، نمونەی ڕەفتارجوانی ناو یاریگا بوو، تەنانەت ڕێزی یاریزانان و ئەندامانی یانە ڕکابەرەکانیشی دەگرت، هەرگیز وەک هێرشبەرانی ئەم سەردەمە نەبوو”.

دیێگۆ مارادۆنا لەبارەی خۆیەوە

“هەموو ژیانم لە پێناو ئەم پێگەیەدا بەڕێکرد کە ئێستادا تیایدام، ئەوانەی پێیانوایە شایستەنیم و ئەوەی بەدەستمهێناوە و بە ئاسانی بەدەستهاتووە، پێیان دەڵێم: بڕۆن بۆ دۆزەخ”.

بابەتی پێشتر

وتەبێژی حکومەتی عێراق هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاشکرا دەکات

بابەتی دواتر

کاردانەوەی یاریزانان و کەسایەتییە وەرزشییەکان بۆ مەرگی مارادۆنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share