کەشتییەک بە 150 سەرنشینەوە لە ناوەڕاستی دەریادا کەرەنتینکراوە

ڤایرۆسێکی کوشندەی ترسناک بەرۆکی سەرنشینانی کەشتییەکی گەشتیاری گرتووە و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بەناچاریی لە ناوەڕاستی دەریادا کەرەنتینەکراوە و ڕێگریی لێدەکرێت بگەڕێتەوە سەر وشکانی.

بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، کەشتیی گەشتیاریی MV Hondus کە ئاڵای وڵاتی هۆڵەندای لەسەر هەڵدراوە، 150 سەرنشینی هەڵگرتووە، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی دەگمەنی ”هانتا” سێ کەس مردوون و دوو کەسی دیکەش بە سەختی نەخۆشکەوتوون، هەروەها گومان لە پێنج حاڵەتی دیکە دەکرێت.

کەشتییەکە لە کەناراوەکانی ئەرجەنتینەوە بەرەو کەیپ ڤێردیی لە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا بەمەبەستی گەشتیاری بەڕێکەوتووە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ڤایرۆسی هانتا لەنێو کەشتییەکەدا بڵاوبووەتەوە.

کۆمپانیای ”ئۆشن واید ئێکسپێدیشن” کە کۆمپانیای کارپێکەری کەشتییەکە و بارەگاکەی لە هۆڵەندایە ڕایگەیاندووە، بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ڕێگە بە کەس نادەن لە کەشتییەکە دابەزێت.

هانتا جۆرێکە لە ڤایرۆسە کوشندەکانی هاوشێوەی کۆرۆنا کە توشی مشک و ئاژەڵە قرتێنەرەکان دەبێت، ئەم ڤایرۆسە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی دەستلێدان لە میز، خـ.ـوێن پیسایی یاخود لیکی ئەو ئاژەڵانە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

ئەم ڤایرۆسە مرۆڤ تووشی دوو نەخۆشیی کوشندە و ترسناک دەکات:

یەکەم؛ نەخۆشیی هانتاڤایرۆسی سییەکان (‌HPS)، نیشانەکانی بە شەکەتی، تا و ئازاری ماسوولکەکان دەستپێدەکات و بەخێرایی نەخۆشەکە تووشی هەناسەتەنگی و کێشەی هەناوی و سییەکان دەکات، ئەم جۆرەیان ڕێژەی مردنی تووشبووەکانی %38ـە و هیچ چارەسەرێکی تا ئێستا بۆ نەدۆزراوەتەوە، لە قۆناغەکانی سەرەتای دەستنیشانکردنی نەخۆش، چارەسەری ئۆکسجین و چاودێریی چڕ ICU، تاکە هیوایە.

دووەم؛ تای خوێنبەربوون لەگەڵ کۆنیشانەکانی گورچیلە (HFRS)، ئەم جۆرەیان مەترسیدارترین و کوشندەترین جۆری ڤایرۆسی هانتایە و بەشێوەیەکی سەرەکیی کاریگەریی لەسەر گورچیلەکان دادەنێت. ئەم جۆرەیان هیچ چارەسەرێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام لەڕێگەی ئۆکسجین و هەواگۆڕکێ، دژە ڤایرۆسەکان و تەنانەت شووشتنی گورچیلەکان هەوڵی چارەسەری نەخۆشەکان دەدرێت.

بەناوبانگترین مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە مردنی بێتسی ئاراکاوا، هاوسەری جین هاکمان، ئەکتەر و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە. ناوبراو لەکاتی پاککردنەوەی باخچەی ماڵەکەی لە چەند ئاژەڵێکی مردارەوەبوو، بەهۆی کێشەی هەناسەدان و سییەکان لە ساڵی 2025 کۆچی دواییکرد.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share